مەزڵووم عەبدی: پابەندین بە گەڕاندنەوەی گۆڕی سلێمان شا بۆ شوێنی خۆی

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، پابەندبوونی خۆیان نوێ دەکەنەوە بۆ گەڕاندنەوەی گۆڕی سلێمان شا بۆ شوێنی پێشووی.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بۆ جاری دووەم لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لە ئێکسدا پەیامێکی لەبارەی گواستنەوەی رووفاتی سلێمان شا بڵاوکردەوە.
 
مەزڵووم عەبدی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئامادەن بۆ هێشتنەوەی رێگاکە بۆ شوێنەکە (مەزاری سلێمان شا) بە کراوەیی و پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ پەڕینەوە لە پردی قەرەقۆزاق بەرەو مەزارەکە.
 
رۆژی 11ی ئەم مانگەش عەبدی لە پەیامێکدا لە ئێکس رایگەیاندبوو. لەکاتی ئەو هەڕەشانەی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2015 دروستیکرد، هاوکاربوون لە پاراستنی گۆڕی سلێمان شا بۆ گواستنەوەی بۆ ناوچەی ئاشیمە.
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆشی دەربڕی بوو بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاسانکاری و دووبارە گەڕاندنەوەی رووفاتەکە بۆ مەزاری راستەقینەی خۆی، هاوتەریب لەگەڵ رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو و لەگەڵ رێزگرتنی تەواو بۆ میراتی کولتووری.
 
سلێمان شا، باپیری دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، عوسمانی یەکەم، بووە.
 
دوای واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923، تورکیا و فەرەنسا رێککەوتن کە مەزارگەکە لەنێو خاکی سووریادا لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا بمێنێتەوە.
 
ساڵی 1973، ئەو ناوچەیەی مەزارگەکەی لێبوو، بەهۆی دروستکردنی بەنداوی تەبقە، ژێر ئاوکەوت، بۆیە تورکیا بڕیاریدا بیگوازێتەوە بۆ گوندی قەرە قۆزاخ، بە دووریی 30 کیلۆمەتر لە شوێنە بنەڕەتییەکەی هەر لەنێو خاکی سووریادا.
 
ساڵی 2015، بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، تورکیا مەزارگەکەی گواستەوە بۆ شوێنی ئێستای لە گوندی ئاشمە لە نزیک سنووری تورکیا.