سەعدی پیرە بۆ رووداو: سێشەممە پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، سبەی یەکێتی و پارتی لە پیرمام کۆببنەوە، گوتیشی: ''پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێت و دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش تاوتوێ دەکرێت.''
ئەمڕۆ دووشەممە، 16-12-2024، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: "لەوانەیە سبەی یەکێتی و پارتی لە مەسیف بە میواندرایی پارتی کۆببنەوە.''
لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: ''بێگومان پێکهێنانی حکومەت پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە و ئەو دوو شاندەش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکاربوونی پەرلەمان دامەزراون.''
هاوکات، دڵشاد شەهاب، سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لە پیرمام لەگەڵ شاندی یەکێتی کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، جیا لە پرسی پێکهێنانی حکومەت، باس لە پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و دۆخی ئێستای ناوچەکە دەکرێت. ''دۆخێکی ئەمنیی هەستیارە، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان [لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان] هەیە.''
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی عێراق نزیکەی 700 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە، ''بۆیە گرنگە زەوینە خۆش بکرێت بۆ کۆبوونەوەی دیکە لەسەر ئەم بابەتە، چونکە دۆخی ناوچەکە زۆر هەستیار بووە و ئێمەش نزیکین لە ئاگرەکە، گەلی ئێمە حەقە پارێزراو بێت و پڕیشکی بەرنەکەوێت.''
شاندی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، ئەندامەکانی پێکهاتوون لە رێواز فایق، سالار لالە سەرحەد و رزگار حەمە. گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، شاندەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە بەڵام، ''بە حوکمی شارەزایی لە وردەکارییەکانی حکومەت، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە شاندەکەدا بەشدار دەبێت''.
گوتیشی، پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکاربوونی پەرلەمان تەنیا پرسی هەرێمی کوردستان نییە، ''بەڵکو پرسی دراوسێکان و عێراقیشە. بۆیە هەموو وڵاتانی دیکە بە چاوێکی پڕ ئومێد سەیری ئەم گفتوگۆیانە دەکەن.''
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 هەڵبژێردرا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێش بە 15 کورسی لە پلەی دووەم و سێیەم بوون. سەعدی ئەحمەد باسی لەوە کرد، ''دوای ئەوەی خەڵک متمانەی بە هەردوو حیزب [یەکێتی و پارتی] داوە، پێموایە ئەمە گرنگە کە ئەگەر ئەم دوو لایەنە [بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان] جدی بن، لایەنەکانی دیکە بێگومان هاوکار دەبن.''
دوایین کۆبوونەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە، 30-11-2024، بوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی.