رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لەنێوان شارەکانی خۆی و شاری وانی باکووری کوردستان ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد دەکرێتەوە.
عادل نەجەفزادە، نوێنەری شاری خۆی لە پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە 16-12-2023 گوتی، "کردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەنێوان خۆی و شاری واندا کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و تورکیا دەبێت".
عادل نەجەفزادە دەڵێت، "شاری خۆی فڕۆکەخانە، هێڵی شەمەندەفەر، ناوچەی پیشەسازی، هێزی کاری شارەزا و ژێرخانی دیکەی هەیە" و لەسەر ئەو بنەمایانە "کردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد کەوتووەتە بەرنامەی کارەوە".
ئەم گوتەیە لەکاتێکدایە، محەممەد عابدی، قایمقامی پێشووی خۆی، سەرەتای هاوینی ساڵی 2018 گوتی، "حکومەت کردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازادی خستووەتە بەرنامەی کارییەوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵ یەکلایی ببێتەوە".
پارێزگای ورمێ یەک ناوچەی بازرگانیی ئازادی هەیە، ئەویش لە شاری ماکۆ و لە نێوان باکووری کوردستان و ئازەربایجاندا هەڵکەوتووە.
ئێران و تورکیا پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و بازرگانی لەنێوانیاندا هەیە. قەبارەی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیکەی 13 ملیار دۆلاری ساڵانەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ