لە دژی 'سووکایەتیکردن' بە شێخ سەعیدی پیران، نزیکەی 13 هەزار ئەندامی ئیی پارتی لە ئامەد دەستیان لەکارکێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەکو کاردانەوە لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە شێخ سەعیدی پیران و لێپرسینەوە لە سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لەلایەن لیژنەی دیسپلین، 12 هەزار و 750 ئەندامی ئیی پارتی لە ئامەد دەستیان لەکارکێشایەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، ویژدان ئەنساریئۆغڵو، سەرۆکی لقی ئیی پارتی لە ئامەدی باکووری کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی 12 هەزار و 750 ئەندامی ئیی پارتیی راگەیاند. ئەم دەستلەکارکێشانەوە بەکۆمەڵە وەکو کاردانەوەیەک بوو لە دژی هەڵوێستی ئیی پارتی سەبارەت بە شێخ سەعیدی پیران کە هەڵوێستێکی نەرێنی بوو.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ویژدان ئەنساریئۆغڵو گوتی: "ئەگەر گەورەی سیاسەت و گەورەی ناوچەکەمان بەڕێز سالم ئەنساریئۆغڵو لە شوێنێک نەبێت، ئێمەش لەو شوێنەدا نامێنینەوە. بەم بۆنەیەوە ئێمە 12 هەزار و 750 ئەندام لە رێکخستنەکانی دیاربەکر، دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان لە ئیی رادەگەیێنین و ئەمە بە رێزەوە بۆ رای گشتی روون دەکەینەوە".
ویژدان ئەنساریئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئێمە هەموو کات لە رێگەی ئازادی، دیموکراسی بووین و لەگەڵ دادپەروەری بووین. لە ئەمڕۆ بەدواوەش بە هەمان شێوە لەگەڵ سەربەخۆیی، دیموکراسی و دادپەروەری دەبین. لەگەڵ تەواوی هاوڕێکانمان بە سەربەخۆیی بەردەوامدەبین".
سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی دەستلەکارکێشانەوەکە لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان، ویژدان ئەنساریئۆغڵو رایگەیاند، "ئەوان لە ئامەد بە کۆمەڵ دەستیان لە کارکێشاوەتەوە و تابلۆی ئیی پارتییان هێناوەتە خوارەوە. ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە لە شارەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت".
چی روویدابوو؟
رۆژی 6ـی کانوونی یەکەمی 2023، گەورەشارەوانیی ئامەد کە لەلایەن قەییومەوە بەڕێوە دەبرێت، لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، دەست بە کارەکانی رێگەی سەرەکیی شێخ سەعید دەکەن کە 12 کیلۆمەتر درێژە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوکردنی رێگەکە یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت و گوشاری زۆری هاتووچۆی سەر ئامەد کەم دەکاتەوە. بەشێک لە نەژادپەرستانی تورک بەتایبەتی لە هەردوو پارتی ئیی پارتی و مەهەپە بەهۆی بەکارهێنانی وشەی "شێخ سەعید"ـەوە زمانێکی ناشیرینیان بەرامبەر ئەو شۆڕشگێڕە کوردە بەکارهێنا. بەشێکی هاونیشتمانیانیش وەڵامی ئەو گوتانەیان دایەوە.
ئەو رێگەیەی گەورە شارەوانیی ئامەد مەبەستییەتی تەواوی بکات، درێژکراوەی گۆڕەپانی شێخ سەعیدە کە ئەو کاتە ناوی لێنرا عوسمان بایدەمیر سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد بوو؛ هەر بۆیە رێگەکەش بە هەمان ناوەوەیە.
مشتومڕەکە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیش بێنە دەنگ. یەکێک لەوانە، سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ بوو کە وەڵامی نەژادپەرستەکانی دایەوە و شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی بە کەسایەتیی گەورەی کورد، شۆڕشگێڕ و بڕوادار ناوبرد.
سالم ئەنساریئۆغڵو بەهۆی گوشارەکان دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە
ئی پارتی رایگەیاند، سالم ئەنسارئیۆغڵو لە پەیڕەوی ناوخۆی ئیی پارتی لایداوە و هەربۆیە دۆسیەکەی رەوانەی ئەنجوومەنی دیسپلین کرد. ئەوەش کاردانەوەی لای سالم ئەنساریئۆغڵو دروستکرد و دەستلەکارکێشانەوەی لە ئیی پارتی راگەیاند و رایگەیاند، لەمەودوا پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیە.
سالم ئەنساریئۆغڵو گوتی، "ئەم هەڵوێستەی ئیی پارتی دوورە لە فەلسەفە و بنەمای نەتەوەپەرستی و ناسنامەی دیموکراسییەوە. وا دیارە ئیی پارتی بەرگەی بوونی ناسنامەی نەتەوەیی دیکە ناگرێت و باوەڕی بە بیروڕا و باوەڕی جیاواز نییە".
سالم ئەنساریئۆغڵو رایگەیاند، "ئەو بنەمایەی من و ئیی پارتی کۆدەکردەوە، نەما. کەسێکم کە هیچ کاتێک لە هەڵوێستم پاشگەز نابمەوە. پەیامەکەم بە گوتەیەکی شێخ سەعید کۆتایی دەهێنم کە دەڵێت : "بێدەنگبوون لە بەرامبەر ناهەقی، بێڕێزیکردنە بە یەزدان"؛ منیش لە بەرامبەر ئەم ناهەقییە بێدەنگ نابم و دەستلەکارکێشانەوەی خۆم رادەگەیێنم".
شێخ سەعیدی پیران
شێخ سەعیدی پیران کەسایەتییەکی ناسراوی کوردە؛ ساڵی 1865 لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ لە 13ـی شوباتی 1925دا شۆڕشی دژی حكومەتی كۆماریی توركیا دەستپێکرد و ماوەیەک گەمارۆی ئامەدی دا و پێکدادان لەنێوان هێزەکەی و هێزەکانی دەوڵەت دروستبوو. لە نیسانی ئەو ساڵدا شێخ سەعید و نزیکەی 30 هاوڕێی لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلگیران. شێخ سەعید و 47 هاوڕێی لە ئامەد لەسێدارەدران.
سالم ئەنساریئۆغڵو کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراوە؛ ساڵی 1955 لە ئامەد لەدایکبووە؛ چوار خول پەرلەمانتار بووە و چەند جارێکیش پۆستی حکومەتی هەبووە.