ئاڵای کوردستان کەی پەیدابووە؟
رووداو دیجیتاڵ
ئاڵای کوردستان و مێژووی پەیدابوونی ئاڵاکە و جیاوازی ئەو ئاڵایەی ئێستا لەگەڵ ئاڵاکانی پێشووتر، لەلایەن مێژوونووسانەوە قسەی زۆری لەبارەوە دەکرێت، هەندێک پێیانوایە ئاڵای کوردستان لەسەردەمی کۆماری کوردستانەوە پەیدابووە، بەڵام بەشی زۆری مێژوونووسان و بەڵگە مێژووییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش کۆماری کوردستان ئاڵای کوردستان هەبووە.
پڕۆفیسۆر ئازاد عوبێد ساڵح، مامۆستای کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەددین لەبارەی مێژووی پەیدابوونی ئاڵای کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی کردووە، لە بەرنامەی رووداو و دیرۆک کە لە رادیۆی رووداو پێشکێش دەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی بەڵگەنامەکان لەنێو کورددا سەرەتا هۆزەکان ئاڵایان هەبووە لە کاتی شەڕەکاندا بەکاریانهێناوە، بەڵام وەک ئاڵای کوردستان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی یەکەم.
وەک ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت: "لە باکووری کوردستان بۆ یەکەم جار ئاڵا پەیدابووە، بەتایبەت لەدروستبوونی کۆمەڵەی ئیتیحادی تەرەقی بەدواوە، کاتێک کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتماعی جیابووەوە، بنەماڵەی بەدرخانییەکان بیرۆکەی جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی عوسمانی هەبوو، ئەمین عالی بەدرخان، داوا لە زەینلعابدین دەکات کە کەسایەتییەکی کورد بووە، ئاڵایەک بۆ کوردستان دروستبکات."
پڕۆفیسۆر ئازاد عوبێد ساڵح دەڵێت: "بەڵگەی زۆر دیاری ئاڵای کوردستان کۆمەڵەی خۆیبوونە لەنێو بڵاوکراوە و نووسینەکانیان ئاڵای کوردستانیان داناوە، هەمان ئەو ئاڵایەی ئێستایە کە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردێت."
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەلاحەددین ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردەمی حیزبی هیوا لەکۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوو، یەکێک لەمەرجەکانی بوونە ئەندام دەبووایە ئەندامی حیزبی هیوا سوێند بە ئاڵای کوردستان بخوات، ئەو ئاڵایەی ئەو حیزبەش هەمان ئەو ئاڵایەی ئێستا بووە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئاڵای کوردستان پێش کۆماری کوردستان لە مهاباد هەبووە.