چوار مەتر بەفر لە جۆلەمێرگ باکووری کوردستان باریوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان، چوار مەتر بەفر باریوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی گەڤەر سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ ئەمڕۆ هەینی، 16-12-2022، رایگەیاند، لە ماوەی حەوت رۆژدا چوار مەتر بەفر لە بەرزاییەکانی چیای ئیکی یاکا باریوە؛ چیاکە سێ هەزار و 450 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی گەڤەر، بەدرێژایی 17 کیلۆمەتر بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان باریوە و رێگەی سەرەکیی ژمارەیەک گوند و ئاوایی گیراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، تیمەکانیان سێ رۆژە کاردەکەن بۆ کردنەوەی رێگەکان و تاوەکو ئێستا نزیکەی نۆ کیلۆمەتر رێگە کراوەتەوە، بەڵام بەفربارین کارەکانی سەخت کردووە و هەربۆیە لە هەندێک شوێنی ناوچە شاخاوییەکان، دوای کردنەوەی دووبارە بەفر رێگەکان دادەخات.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، پلەی گەرما لە جۆلەمێرگ لە کاتی شەودا هەشت پلەی ژێر سفر دەبێت.
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا بەفر لە چەند پارێزگەیەکی باکووری کوردستان باریوە، لەوانەش پارێزگەکانی قەرس و ئاگری و وان.