رووداو دیجیتاڵ
هەسەدە رایدەگەیێنێت کە هێزەکانی دژەتیرۆر بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەسێکیان دەستگیرکردووە، کە وەکو خۆیان دەڵێن، ئاسانکاریی بۆ هەڵاتنی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆل کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2022، پێگەی فەرمیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە گرتە ڤیدیۆیی ئۆپەراسیۆنێکی یەکینەکانی دژەتیرۆری بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رۆژی سێشەممە 13ـی کانوونی یەکەم، یەکینەکانی دژەتیرۆرمان بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەدا کرد."
هەسەدە دەشڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، "تیرۆریستێک"یان دەستگیرکردووە کە "خێزانەکانی داعشی لە کەمپی هۆلەوە بە قاچاخ دەبردە دەرەوە و چەکی بۆ تیرۆریستان دابیندەکرد."
هاوکات، هێزەکانی سووریای دیموکرات باس لەوەش دەکات کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستیان بەسەر کڵاشینکۆفێک، جبەیەکی سەربازی، ژمارەیەک مەخزەنی گولـلە و تەقەمەنی و ژمارەیەک مۆبایلدا گرتووە.
رۆژی سێشەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2022، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە 9ـی ئەم مانگەوە بە تەواوەتی گەڕانە سەربازییە هاوبەشەکەیان لەگەڵ هەسەدە لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکردووەتەوە.
کەمپەکانی هۆل و رۆژ دەکەونە رۆژئاوای کوردستان و دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشیان تێدایە. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، نزیکەی دوو هەزار و 500 ژن و منداڵی وڵاتانی بیانیی نێو داعش لە کەمپی رۆژن؛ نزیکەی 56 هەزار کەسیش لە کەمپی هۆلن.
بەگوێرەی هیومن رایتس وۆچ، 38 هەزار کەسی بیانی لەنێو ئەو کەمپانەدان و زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن و سەروو 60٪ـیان منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ