سندووقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان کارا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی چوارشەممە وەزیری دارایی بە بڕیارێک سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی فەرمانبەرانی لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرد. بە کاراکردنی سندووقەکە چیدی فەرمانبەران چاوەڕێی خەرجکردنی مووچەکەیان لەلایەن حکومەت ناکەن.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و 8 ئەندامی دیکە لە وەزارەتەکانی "دارایی، پلاندانان، ناوخۆ، پێشمەرگە، هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش و لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقەکە دەبن."
 
سندووقی خانەنشینی بۆ کۆکردنەوەی رێژەی ئەو لێبڕینە دەبێت کە لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی دەبڕدرێت و لەگەڵ چەند بەخشین و پارەیەکی دیکە کۆدەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینان وەکو یاسای خانەنشینی کارپێکراو ژمارە 27ی ساڵی 2006 لە هەرێمی کوردستان دیاری کردوون.
 
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا رێژەی 7٪ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی وەردەگیرێت، بۆ لەمەودوا لە سندووقێکی تایبەت هەڵدەگیرێت کە کەسایەتییەکی مەعنەوی دەبێت."
 
 سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "داهاتەکانی سندووقەکە جگە لەو رێژەیە چەندین بەخشینی دیکە لەوانە بەخشینەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی، لەگەڵ ئەو زیادەیەی لە بەکارهێنانی پارەکانی سندووقەکە بۆ وەبەرهێنان وەدەست دێت، لەگەڵ داهاتی دیکە."
 
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان خانەنشینی دەیانگرێتەوە "682 هەزار کەسن کە 365 هەزاریان فەرمانبەری مەدەنیین، ئەوانی دیکەش لە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسیش و ناوخۆن".
 
داهاتەکانی سندووقەکە بریتین لە 7٪ی لێبڕینی مووچەی بنەڕەتی، بەخشینەکانی حکومەت، وەزارەتی دارایی و داهاتی وەدەستهاتوو لە وەبەرهێنانی پارەی سندووقەکە 682 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، سەربازی، ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ لە پارەی سندووقەکە سوودمەند دەبن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت پێش کۆتایی ئەمساڵ سندووقی خانەنشینی کارابکات کە بە یاسا لە ساڵی 2020 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکرا. دوای کاراکردنی سندووقەکە خانەنشینان لەو سندووقەوە مانگانە مووچە وەردەگرن و مووچەکەیان لەسەر بودجەی حکومەت نابێت.
 
لە هەرێمی کوردستاندا 1 ملیۆن و 205 هەزار مووچە خۆر هەن، کە نزیکەی 250 هەزاریان خانەنشینن، کە دەکاتە نزیکەی 20٪ی کۆی مووچەخۆران. هەر مووچەخۆرێک مانگانە 7٪ی لە مووچەی بنەڕەتییەکەی بەناوی خانەنشینی لێدەگێڕدرێتەوە.