شێرکۆ جەودەت: داهاتی سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی ناگەڕێتەوە

16-12-2021
گۆڤەند مستەفا
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، داهاتی نێوخۆ لە پارێزگای سلێمانییەوە بۆ وەزارەتی دارایی نانێردرێت و بەرپرسیاریێتییەکەش دەخاتە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری سلێمانی و وەزیری داراییەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-12-2021، شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
 
بە گوتەی شێرکۆ جەودەت، "داهاتی پارێزگای سلێمانی دەستوەردانی تێدا دەکرێت؛ لە بەرامبەردا داهاتی هەولێر و دهۆکیش دەستوەردانی تێدا دەکرێت".
 
شێرکۆ جەودەت دەڵێت، بەڕێوەبەری بانکی سلێمانی ئاگاداری ئەو "یارییە قێزەونەیە" کە لە زۆنی سلێمانی دەکرێت و لە بەرامبەردا زۆنی هەولێر و دهۆک پارە بۆ وەزارەتی دارایی نانێرن.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رووی دەمی دەکاتە وەزیری دارایی و لێی دەپرسێت بۆچی راستییەکان ئاشکرا ناکات و دەڵێت: "بەڕێز وەزیری دارایی کاک ئاواتی شێخ جەناب، جەنابت باش دەزانی کە ئەو پارەیە دەشاردرێتەوە و رادەگیرێت؛ بۆ راستییەکان بە خەڵکی بەشەرەفی هەرێمی کوردستان ناڵێی؟ بۆ ناوەکان ناهێنی کە کێ لە پارێزگای سلێمانی پارە لە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکە گلدەداتەوە؟ کێش ناینێرێت بۆ وەزارەتی دارایی؟"
 
شێرکۆ جەودەت پێیوایە ئەو داتا و ژمارانەی کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لەبارەی داهاتی سلێمانی بڵاوی کردوونەتەوە "جۆرێکە لە چەواشەکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان" و دەڵێت: "بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: هەندێک داتا و ژمارەت بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی ناردوویەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەت روون نەکردووەتەوە کە لە ماوەی چەنددا ئەو پارەیە نێردراوە. ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە ماوەی 50 بۆ 60 رۆژ بۆ وەزارەتی دارایی هەڵەیەکی گەورەیە؛ دەبێت لە ماوەی 30 رۆژ پارەکە بگاتە وەزارەتی دارایی؛ بۆیە ئەمە جۆرێکە لە چەواشەکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان کاتێک باس لە ژمارە دەکرێت بەڵام باس لە ماوەکەی ناکرێت".
 
شێرکۆ جەودەت رووی دەمی دەکاتە جێگری سەرۆکی حکومەت و پێی دەڵێت: "جەنابت بەرپرسی لە بەرامبەر بە نادیاری داهاتی پارێزگای سلێمانی؛ بەڕێز پارێزگاری سلێمانیش بەرپرسە؛ وەزیری داراییش بەرپرسە کە ئەم دووانەی کۆتاییان هەردووکیان لە بزووتنەوەی گۆڕانن؛ جێگری سەرۆکی حکومەت لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەوان بەرپرسیارن لە نادیاریی داهاتی سلێمانی و نەگەیشتنی بە وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
شێرکۆ جەودەت ئاماژە بەوەش دەدات کە لە بەرامبەردا "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارە کە داهاتی پارێزگای هەولێر و دهۆک لەبەرامبەر ئەوەی کە داهاتی پارێزگای سلێمانی نانێردرێت، ئەوانیش رایانگرتووە. بۆیە تاوەکو ئێستا 21 ملیۆن دۆلار لە هەموو داهاتی ناوخۆ گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی، ئەمە حاڵەتێکی کارەساتباوییە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.