ئەجێندای سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا ئاشکراکرا

16-12-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەڵمانیا، بڕیارە ئەم هەفتەیە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی بەرلین بکات و ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجامبدات.

لە راگەیێندراوێکدا فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکردووە، لەماوەى سەردانەکەیدا نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و هەریەک لە زیگمار گابریێل، وەزیری دەرەوە و ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، وەزیری بەرگری کۆدەبێتەوە و سەردانى پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵیش دەکات.

بەپێی راگەیێندراوەکە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، خستنەڕووى دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکانى ناوچەکە، شەڕى داعش، رەوشى ئاوارە و پەنابەران، میکانیزمى چارەسەرکردنى پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپاتکردنەوەى هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى پرسەکان بە رێگەى دیالۆگ و ئاشتییانە تەوەرى سەرەکى دیدار و کۆبوونەوەکان دەبن.

ئێوارەی دوێنێ هەینی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە کە رۆژی دووشەممە 18-12-2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی بەرلین دەکات.

ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی دوای سەردانەکەی بۆ پاریس و بانگهێشتکردنی بۆ لەندەن دێت. رۆژی شەممە 2-12-2017 لە کۆشکی ئێلیزێ، ئێمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیشدا ماکرۆن پشتیوانی بۆ مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "کوردستانێكی یەکدەنگ دەبێتە هۆی سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

پاشان تێرێزا مەی، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا رۆژی سێشەممە 12-12-2017 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئه‌نجامدا و لەبارەی دەرهاویشتەکانی دوای گشتپرسی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کرد. 

لە پەیوەندییەکەدا وێڕای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ لەندەن بانگهێشتکرد، تێرێزا مەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "بەریتانیا به‌رده‌وامده‌بێت له‌ شەڕکردن بۆ پاراستنی ماف و ناسنامه‌ی گه‌لی كورد له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا".

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە