پێشانگای هەڵبژاردنی جوانترین باڵندە لە هەولێر

رووداو - هەولێر 

لە شاری هەولێر پێشانگایەک بۆ نمایشکردنی چەندین جۆر باڵندە کرایەوە، بەشداربووانی پێشانگاکە ژمارەیەک جۆری بوولبوولیان نمایشکردبوو کە نرخیان دەگاتە دوو هەزار دۆلار.

هەرچەندە بەشێک لە باڵندەکان کێوین و بەدەستهێنانیان زەحمەتە، نرخی ئەو باڵندانەش گرانە و لە 500 دۆلار دەستپێدەکات تاوەکو دوو هەزار دۆلار.

زیاتر لە 150 باڵندە لە پێشانگاکەدا نمایشکران و خەڵکێکی زۆریش بۆ نمایشی پێشانگاکە هاتبوون، زۆربەی باڵندەکانیش هی هەرێمی کوردستانن و لە ناوچە شاخاوییە ساردەکان پەیدا دەبن.

ساڵی رابردوو لە سلێمانی لە پێشانگایەکدا چەند جۆرێک باڵندە نیشاندران، جاری یەکەمیشە لە هەولێر ئەو جۆرە پێشانگایانە دەکرێنەوە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن