خوێندنی باڵا: وەزارەتی دارایی رەزامەندیی بۆ خەرجکردنی پارەی دەرماڵەی خوێندکارانی دا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، دوای ناردنی نووسراو بۆ خەرجکردنی پارە بۆ دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ بۆ وەزارەتی دارایی، وەزارەتەکە رەزامەندیی دەربڕی.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ چاکسازیی زانکۆکان و پاڵپشتی دارایی خوێندکاران، مانگی ئاب بە نووسراوی فەرمی داوای 7 ملیار و 250 ملیۆن دینارمان لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئەوانیش بۆ وەرگرتنی بۆچوون ناردیان بۆ وەزارەتی داریی."
 
لەبارەی وەڵامی وەزارەتی دارایی بۆ نووسراوەکەیان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، "وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارەکە داوە و ئەوەی ماوەتەوە رەزامەندی لەسەر بدات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە."
 
ساڵی رابردووش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 7 ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ چاکسازی لە زانکۆ و بەشە نێوخۆییەکان و پاڵپشتی دارایی خوێندکاران خەرج کرد. د. توانا نەجەف دەڵێت، لەو پارەیە پێنج ملیاری بۆ دەرماڵەی خوێندکاران دەبێت.
 
بڕی پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکارانی نێو شار مانگانە 40 هەزار دینار و دەرەوەی شاریش 60 هەزار دینارە.