نێچیرڤان بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان: گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا بکەن

31 خولەک له‌مه‌وپێش
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قەڵاچوالان-ی سنووری پارێزگای سلێمانی بەشداریکرد لە خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا بکەن کە وەڵامگۆی داخوازییەکانی خەڵک بێت. 
 
رۆژی شەممە، 16-11-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای دابەشکردنی خەڵات بەسەر خوێندکارە یەکەمەکانی خولەکە گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
لە خولی چوارەمی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان 769 ئەفسەر بڕوانامەی دەرچوونیان وەرگرت کە 48یان ئەفسەری ژنن. نێچیرڤان بارزانی لەوبارەیەوە گوتی: "بەشداریکردنی ژنان جێگەی خۆشحاڵییە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد: "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەروو هەمووشتێکەوە دابنێن، گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسیارانە و بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بنیادنەر، حکومەتێک وەڵامگۆی داخوازییەکانی خەڵک بێت، بتوانێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشمەرگەکانمان لە شەڕی دژی داعش سەلماندیان کە لە ئاست بەرپرسیارێتی و نیشتمان دان.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەمەوە."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیشەوە، نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بوو. نزیکەی 72٪ـی گەلی کوردستان ئامادەی ئەو هەڵبژاردنە بوون. کە بە هەموو پێوەرێک سەرکەوتنی کوردستان بوو." 
 
حەوت پەیامی گرنگ لە نێچیرڤان بارزانییەوە: 
 
1. لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا بکەن کە وەڵامگۆی داخوازییەکانی خەڵک بێت
 
2. جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دەکەمەوە.
 
3. هەرێمی کوردستان بە فاکتەری ئارامی لە ناوچەکە دا دەمێنێتەوە و دەستی هاوکاری بۆ هەموو لایەنێک درێژ دەکات.
 
4. دڵنیاتان دەکەینەوە کە تا سەرکەوتن و یەکخستنەوەی ‌هێزی پێشمەرگە کۆڵنادەین.
 
5. لە شەڕی دژی داعش خوێنی پێشمەرگە لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بوو. کەس پرسیاری نەدەکرد کامە سەوزە و کامە زەردە. 
 
6. ئەرکی عێراقە لە هەموو روویەکەوە پشگیریی بەهێزکردنی پێشمەرگە بکات. 
 
7. پێویستە پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانمان دامەزراوەیەکی نیشتمانی و پیشەیی سەربەخۆ بن. 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە