رێبوار تەها لەبارەی دانانەوەی ئاڵای کوردستان لە دەستی پەیکەری پێشمەرگە چی دەڵێ؟
رووداو دیجیتاڵ
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە بەرنامەی بێستوون تۆکدا کە ئەمشەو پەخشکرا، رایگەیاند هاتوونەتە سەر ئیدارەیەکی وێران.
رێبوار تەها لە بەرنامەی بێستوون تۆک لەبارەی چەندین تەوەر سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک وەڵامی گەنجانی دایەوە لەوانە، کێشەی زمان، خوێندن، ژینگە، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، سەگی بێلانە و هتد...
یەکێک لە میوانەکان پرسیاری لە رێبوار تەها کرد "چ پلانێکتان بۆ ئاژەڵانی بەرەڵا هەیە، بڕیارێکتان دەرکردووە بۆ کوشتنی سەگی بەرەڵا، پێتانوایە ئەمە چارەسەری کێشە دەکات؟"
رێبوار تەها گوتی "لە ماوەی رابردوودا هەندێک رووداو لە کەرکووک روویاندا، ئێمە داوامان نەکرد سەگە بەرەڵاکان بکوژن، داوامان کرد چارەسەری بکەن. شوێنی تایبەتمان بۆ پاراستنی سەگەکان دابینکردووە. نایانکوژین، لەنێو کۆمەڵگە دووریان دەخەینەوە. منداڵەکان ناتوانن بچنە قوتابخانە. ئیدارەی پێشوو بایەخی بەم بابەتە نەداوە، بەڵام ئێمە دەیانپارێزین."
لەبارەی زمانی کوردی لە زانکۆ و فەرمانگەکانی کەرکووک و بەکارهێنانییەوە، پارێزگاری کەرکووک گوتی "وەک کەرکووکییەک پێمخۆشە هەمووان بە هەر چوار زمان [کوردی، عەرەبی، تورکمانی و سریانی] قسە بکەن، بەتایبەتی سێ زمانە سەرەکییەکە. راستە لە ساڵانی پێشووتر تەعریب لەم شارە کراوە، سەرجەم بەڵگەکان ئەمە دەسەلمێنن و خۆشم لە پەرلەمانی عێراق بەشێک بووم لە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تەعریب. بەڵام وەکو کەرکووکییەک، حەز دەکەم هەموو منداڵێکی ئەم شارە، هەر چوار زمانەکە بزانن."
لەبارەی وەرگێڕانی کتێبی خوێندن و پرسیارەکان بۆ سەر زمانی کوردی پرسیار کرا و، رێبوار تەها لە وەڵامدا گوتی "سەبارەت بە وەرگێڕانی کتێبەکان، لیژنەیەکی تایبەت لە زانکۆکان هەیە بۆ وەرگێڕانی کتێبەکان بۆ زمانی کوردی. راگری زانکۆکان ناچارن کەسانێک بهێنن وەرگێڕان بۆ پرسیار و دەقەکانی خوێندن بکەن، کەس ناتوانێت رێگری لەمە بکات. هەرکەسێک رێگری کرد، وەرن بۆ لای من."
لەبارەی بەکارهێنانی زمانیشەوە گوتی "دەستوور کەفالەتی کردووە. دەکرێ هەندێکجار مامۆستایەک بە تووندڕەوی بیری کردووەتەوە یان رەفتارێکی لە دژی خوێندکارێک کردبێت، بەڵام ناکرێت بۆ سەرجەم مامۆستاکان گشتاندنی بۆ بکرێت."
لەبارەی ئەگەری بوونی کێشە لە بەردەم خوێندی کوردیدا، پارێزگاری کەرکووک جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کێشەیەک نییە. "هەندێکجار بەشێک لەو مامۆستا بەڕێزانە بە هزرێکی جیاواز رەفتار دەکەن، بەڵام خوێندکارەکان ئازادن چۆن وەڵام بدەنەوە. ئەمڕۆ لەگەڵ جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان کۆبوونەوەم هەبوو. لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی سەربازیی هەمان ناوچە هەبوو. خۆم بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی قسەم دەکرد، بە جووتیارەکانم گوت، ئەو فەرماندە سەربازییە عەرەبە و لە بەغداوە هاتووە، کوردی نازانێت، هەوڵ بدەن بە عەرەبی قسەی لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەی لە نەهامەتییەکانتان تێبگات. بۆیە زۆر گرنگە بزانیت چۆن لەگەڵ کێ قسە دەکەیت."
دەشڵێت "زۆر جار لە پەرلەمان گوتوومانە بەشێک لە پەرلەمانتارەکان بە کوردی قسەیان دەکرد. ئەوسا لە کۆی 329 پەرلەمانتار 65 پەرلەمانتار کورد بووین، ئەوانی دیکە عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکەن. باشە کەس لێت تێناگات، بەڵام لە نووسراوە فەرمییەکان هەموو زمانەکان هەن."
پارێزگاری کەرکووک دەڵێ: لەوەتەی دەسەڵاتی ئەم شارەم وەرگرتووە، لە سەرجەم نووسراوە فەرمییەکاندا زمانی تورکمانی و سریانیشم زیاد کردووە، بە هەر چوار زمان دەنووسرێت. "لە بەشێک لە ناوچەکاندا لەسەر تابلۆکان زمانی کوردی نەنوسرابوو، داوام کردووە زمانی کوردیش زیاد بکرێت. هەموو کەس ئازادە چۆن و بە چ زمانێک وەڵام دەدەیتەوە، گرنگ ئەوەیە بەرامبەرەکەت لێت تێبگات."
کێشەی بەشێک لە خوێندکارانی کەرکووک، بەکارنەهێنانی زمانی کوردییە، پارێزگاری کەرکووک دەڵ "هەمووان بە زمانی دایکی خۆیان وەڵامیان داوەتەوە و مامۆستاکانیش چاویان پێدا گێڕاوە و نمرەکانیان پێداون. بەڵام کەموکوڕی لە خزمەتگوزاری و بێبەشکردنی کورد لە خوێندن بە زمانی دایک هەبووە؛ لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی 44 پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانە هەبووە، تەنیا دوو قوتابخانە لە ناوچە کوردییەکان دروستکراون، 42 قوتابخانە لە ناوچەکانی دیکەدا کراون. ئەمە ستەم بوو لە نەتەوەی کورد و لە زمانی کوردی کراوە بەوەی منداڵی کورد بێبەش بکرێت لە باڵەخانەیەکی نوێ. ئێستا زۆربەی قوتابخانەکانمان سێ دەوامیان هەیە، دەکرا بە زیادکردنی ژمارەی قوتابخانە، یەک دەوام لە قوتابخانەکانماندا بکرایە."
خوێندکارێک پرسیاری کرد و گوتی "چۆن دەتوانن رووبەڕووی هزری شۆڤینییەت ببنەوە، لەکاتێکدا نەوەک تەنیا ژمارەی قوتابخانە، بگرە ژمارەی مامۆستایانیش کە لە چەند ساڵی رابردوودا دامەزراون، هەمووی بۆ خوێندنی عەرەبی چووە؟"
رێبوار تەها گوتی "نەخێر وانییە، هەندێکجار دەستوەردان هەیە. خوێندنی کوردی ستافی ئازادن هەموو ئیمکانییەتێکیش هەیە بۆیان؛ ئەمە لای خۆیان دەمێنێتەوە. کاتێک مامۆستایەک دادەمەزرێت، پێی ناگوترێت تۆ بۆ خوێندنی کوردی یان تورکمانی دامەزراویت، پێی دەگوترێت تۆ لەسەر میلاکی پەروەردەی کەرکووک دامەزراویت. پەروەردەی کەرکووک، بەشی خوێندنی عەرەبی، کوردی و تورکمانی تێدایە. هەندێکجار مامۆستا خۆی واستەیەک دەکات بۆ ئەوەی بچێتە خوێندنی عەرەبی. ناکرێت هەر مامۆستایەک واستە بکات بۆ ئەوەی لە قوتابخانەکەی نزیک ماڵی خۆی دابمەزرێت و گوێ بە خوێندنی کوردی نەدات."
هاونیشتمانییەکی تورکمانی کەرکووک گوتی: پرسیارێکی تورکمانی، ناوم عائیل ئەسوەدە، ئایا پشت بە بنەمای 32٪ بۆ سەرجەم پێکهاتەکان دەبەستن یان پشت بە بنەما و بڕیاری نوێ دەبەستن؟ ئایا بڕیاری دامەزراندنەکان لە بەرژەوەندی سەرجەم نەتەوەکان دەبێت؟
رێبوار تەها لە وەڵامدا گوتی "بابەتی 32٪ بەشی پلە و پۆستەکان و دامەزراندنەکانە، منیش و تۆش دەمانەوێت ئەم بنەمایە کاری پێبکرێت، بەڵام ئایا حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت لەسەر ئەرزی واقیع ئەم بنەمایە جێبەجێ بکات؟ وەڵامەکە نەخێرە. ئەم بابەتە پێویستی بە بودجە و کات و زۆر بابەتی دیکەش هەیە. بۆ دابەشکاری پۆستەکان دەتوانین پشت بە بنەمای 32٪ ببەستین. کاتێک ئەم ئیدارەیەمان دامەزراند بنەمای نیشتمانیمان کردە پێوەر بۆ کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیانەکان کە بەشدارییان لەم ئیدارەیەدا کردووە. خۆم لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدام و داواش لە برایانی عەرەب و تورکمان دەکەم لەمە هاوکارم بن. ئەمە لەبەرژەوەندی منی کورد و ئێوەشە وەک نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک."
خوێندکارێکی زانکۆی کەرکووک بەناوی محەممەد لە پارێزگاری کەرکووکی پرسی: ئێستا کە بە گەڕەکەکانی کەرکووک دا بڕۆیت، جۆرەها ئاڵا دەبینی، ئاڵای عێراق، ئاڵای تورکمان و نەتەوەکانی دیکە، ئێمەش وەکو کورد مافی خۆمانە ئاڵای خۆمان هەڵکەین، ئێستا کوردێک بە جلی کوردییەوە بەناو کەرکووکدا بڕوات، هەست بە نامۆیی دەکات، ئێمەی کورد لە کەرکووک خەریکە نامۆ دەبین. دەتوانیت ئەمە چارەسەر بکەیت؟
رێبوار تەها لە وەڵامدا گوتی "هەموو هاووڵاتییەکی کەرکووک ئازادە ئاڵای خۆی بەدەستەوەبێت، سێ رۆژ لەمەوپێش فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بەڕێوەچوو،سەردانکەر و ئەکتەر لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپییەوە هاتبوون، خۆتان بینیتان کە لەسەر رێگەی بەغدا هەموو ئەسپسوارەکان ئاڵای کوردستانیان پێبوو و بەرزیان کردبووەوە، ئەی بۆ کەس یەخەیانی نەگرت؟ بۆ کەس وەکو پێشوو نەیگوت ئەو ئاڵایە دابگرە؟ با ئاڵای کوردستان بەدەستی هەموو کەسێکەوە بێت، هەرکەس لێپێچینەوەی لەگەڵ کرد؛ منیش لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو دەکەم." بێستوون عوسمان گوتی: ئەی ئاڵاکەی دەستی پەیکەری پێشمەرگە؟ پارێزگاری کەرکووک لە وەڵامدا رایگەیاند "من ئەوە چارەسەر دەکەم."