دەیان بژمێر گرفتی کارنەکردنی ئایپادەکانیان گەیاندە فەرمانگەی ئامار و پلاندانانی کەرکووک

رووداو دیجیتاڵ 

خەڵکی رەسەنی گوندی ماجیداوا لە سنووری گوێڕی سەر بە پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ ئامادەبوون بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکەیان لەسەر خاکی خۆیان بێت، کە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکانە، بەڵام کێشەی تەکنیکی هاتە بەردەم پرۆسەکە و نەتوانرا تۆمار بکرێن.
 
فاتیح شەریف، خەڵکی گوندی ماجیداوا لەبارەی کێشەی تۆمارنەکردنیان بە رووداوی گوت "بەبیانووی ئەوەی هێڵی ئینتەرنێتیان نییە، یان یەک کەسن و پێڕاناگەن، کە دەبوو سێ، چوار تیم لەم گوندەدا سەرژمێرییەکی خێرا بکەن؛ گەر وا بڕوات 20 و 21ـی مانگ چۆن دەکرێت؟"
 
عەزیز سەدرەدین هاونیشتمانییەکی دیکەی گوندی ماجیداوا دەڵێ، "یەک کەسیان بۆ گوندی ماجیداوا ناردووە؛ ئێ بە یەک کەس ناکرێت! تائێستا دەڵێن ئینتەرنێت نییە."
 
ئەمڕۆ، یەکەم رۆژی قۆناخی تۆماری خێزانی بوو بژمێرەکان بەنێو گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاوبوونەتەوە، کە دەچنە ماڵەکان تەنیا پێویستیان بە بەڵگەنامە کەسییەکانە.
 
گرفتی هاوشێوەی گوێڕ لە کەرکووکیش دووبارەبووەوە؛ زۆربەی ئایپادی دەستی بژمێرەکان کاریان نەکرد و زانیارییەکان وەرناگرن.
 
وریا کاکەیی، کارمەندی بژمێری سەرژمێری لە کەرکووک بە رووداوی گوت "لەبەیانی زووەوە چووینەتە گەڕەکەکان و ئەو شوێنانەی بۆمان دیاریکراون، ئایپادەکان کارناکەن و ناچێتە سەر نەخشە، زانیاریی ماڵەکان دەرناکات؛ ناچار کشاینەوە و هاتووینەتە فەرمانگەی ئامار."
 
دەیان بژمێر گرفتەکەیان گەیاندە فەرمانگەی ئامار و پلاندانان، بەڵام لای ئەمانیش چارەیەکی نییە.
 
محەمەد ئایدن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانانی کەرکووک دەڵێ "ئەو کێشەیەی هەیە؛ لە سێرڤەرەکاندایە، گوشاری لەسەرە نەوەک تەنیا لە کەرکووک، بەڵکوو لە هەموو پارێزگەکان. ئێستا فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری خەریکی چارەسەرکردنین."
 
هەندی لە تیمەکان کە ناوبەناو ئامێرەکانیان دەکەوتەکار، لەدوانیوەڕۆوە چوونەوە ماڵەکان، بەڵام ئەمانیش نەیانتوانی زۆرترین ماڵ تۆماربکەن، بەهۆی کێشەی vpn کە نەخشەی نەدەخستە بەردەمیان.
 
ئاراس هادی، بەرپرسی تیمی سەرژمێری لە رەحیماوا دەڵێ "لەبەیانییەوە کێشەی ئینتەرنێتمان هەیە؛ کۆنێکت نابێت. لە ئایپادەکان کێشەی ڤی پی ئێنمان، ئەوە زۆر کێشەیە و ئیشمان نەکردووە."
 
لە چوار رۆژی قۆناخی تۆماری خێزانیدا، کاتێک بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن، تەنیا پێویستیان بە بەڵگەنامە کەسییەکان هەیە، بەڵام لە رۆژانی 20 و 21ـی مانگ، کە قەدەخەی گشتیی هاتووچۆ رادەگەیێندرێت، تەواوی زانیارییەکان لە تاک بەتاکی ئەندامانی خێزانەکان وەردەگیرێن.