سبەی نزیکەی 30 هەزار کارمەند دەست بە سەرژمێری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''ئێوارەی ئەمڕۆ، راهێنانی 21 هەزار بژمێر بۆ سەرژمێری تەواو دەبێت.'' گوتیشی، سبەی بژمێرەکان دەست بە سەردانی خێزانەکان دەکەن.
ئەمڕۆ (شەممە، 16-11-2024) مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیزدەین پێشکێشی کرد، لەبارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی کۆتایی سەرژمێریی گشتی رایگەیاند، ''ئێوارەی ئەمڕۆ خولی راهێنان بۆ 21 هەزار بژمێر کە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگەکانن، تەواو دەبێت.''
مەحموود عوسمان گوتی، بژمێرەکان بۆ سبەی (17-11-2024) ئامادە دەکرێن کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی خێزان دەستپێبکەن و، هەر کامەیان سەردانی 100 بۆ 120 خێزان دەکات.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، هەریەکە لە بژمێرەکان تابلێتێکی تایبەت بە خۆی پێدەبێت و لە ماوەی 17 بۆ 19ـی مانگ، سەردانیکردنی ئەو 120 خێزانە تەواو دەکەن کە بۆیان دیاری دەکرێت.
مەحموود عوسمان جەختی لەوە کردەوە، ''کاتی سەردانی بژمێرەکان، دەبێ لانیکەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لە ماڵەوە بێت، بۆ ئەوەی کارتە نیشتمانییەکان بخرێنە بەردەستیان و ئەو زانیارییانەی لە پڕۆسەی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیدا وەرگیرابوون، لە تابلێتەکاندا دادەبەزێندرێن.''
لەم قۆناخەدا، جیا لە سەرۆکی خێزان، ناوی سیانی سەرجەم ئەندامانی خێزان، رەگەزیان و رێککەوتی لەدایکبوونیان بە رۆژ، مانگ و ساڵەوە تۆمار دەکرێن.
بەگوتەی مەحموود عوسمان، رۆژانی 20 و 21ـی مانگ دووبارە بژمێرەکان سەردانی هەمان ئەو خێزانانە دەکەنەوە، کە لە 17 بۆ 19ـی مانگ چووبوون، ''بەڵام ئەمجارە تەنیا بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانە و ئاگاداربوونەوەیە لەوەی ئاخۆ تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20ـی مانگ، هیچ کەسێک لەدایکبووە، کە ناوی زیاد بکرێت، یان گیانی لەدەستداوە، ناوی بکوژێندرێتەوە.''
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، لەدوای 12ـی شەوی 19 لەسەر 20ـی مانگ، ئەگەر کەسێکیش لەدایکبێت یان گیانی لەدەست بدات، ناوی تۆمار ناکرێت. ''واتا کاژێر 12ـی شەوی 19 لەسەر 20 دەبێتە ئەو کاتەی ژمارەی گشتیی دانیشتووانی عێراق تۆمار دەکرێت.''
وەک مەحموود عوسمان دەڵێت، بەگشتی لە سبەیەوە نزیکەی 30 هەزار کارمەند بە مامۆستاکان و دەرچووەکانەوە کە راهێنانیان پێکراوە، بە سەرجەم گەڕەک، کۆڵان و گوندەکاندا بڵاودەبنەوە و دەستبەکار دەبن.
گوتیشی، ''ئەمڕۆ سەرجەم تابلێتەکان تاقیدەکرێنەوە و لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیداین، بۆ ئەوەی لە ئەگەری روودانی هەر کێشەیەک، بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەکە، بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.''
لەبارەی بەشداریکردنی ئەو هاونیشتمانییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق دا دەژین، ئاماژەی دا بڕیاردراوە سەرژمێرییەکە تەنیا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت، ''بەڵام ئەو کەسانەی لە دەرەوە دەژین و هاتوونەتەوە، هەموویان تۆمار دەکرێن، ئەو کەسانەی گەشتیشیان کردبێت، ئەگەر بەڵگەیەک (وەکو کارتی نیشتمانی) بەردەست بێت، ناویان تۆمار دەکرێت.''
ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و، تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024 دەستیپێکرد.