کشتوکاڵی ئامێدی: لە فێستیڤاڵی تەحین دا زیاتر لە 35 تۆن بەرهەمی خۆماڵی فرۆشرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی رایگەیاند، لە دوو رۆژی فێستیڤاڵی تەحین دا، زیاتر لە 35 تۆن بەرهەم فرۆشراوە. ژمارەی هاتنی گەشتیاران و سەردانکەران بەراورد بە پار، زۆر زیاتر بوو.
ئەمڕۆ (شەممە، 16ـی تشرینی دووەم) هەکار حەمید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فێستیڤاڵەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو، وەک پێشبینمان کردبوو؛ ژمارەی گەشتیاران و سەردانکەران ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیادیکرد."
هەکار حەمید ئامێدی گوتی، "لە دوو رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، 9 تۆن و 428 کیلۆ بەرهەمی تەحین فرۆشرا، 25 تۆن و 817 کیلۆ بەرهەمی خۆماڵی وەک میوە، مرەبا، هەنگوین، گوێز، کادە، خواردنی کوردەواری و قەزوان هتد... فرۆشران."
گوتیشی، "بەکۆی گشتی 35 تۆن و 245 کیلۆ بەرهەمی خۆماڵی لە دووەمین فێستیڤاڵی تەحین فرۆشرا."
لەبارەی ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکەران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی دەڵێت، "ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکەران بەراورد بە پار زیادیکردووە، ئەم ساڵ 28 هەزار و 319 کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، لەکاتێکدا پار زیاتر لە 15 هەزار کەس هاتبوون."
رۆژی پێنجشەممە 14-11-2024، دووەمین فێستیڤاڵی تەحین لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگەی دهۆک بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوەچوو.
پار لە 23-11-2023 لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگەی دهۆک، بە بەشداریی 27 کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، یەکەمین فێستیڤاڵی تەحین بەڕێوەچوو.
تەنیا لە قەزای ئامێدی، نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە کونجی چێندراوە، کە نزیکەی 240 تۆن تەحینی لێ بەرهەم دەهێنن.