راپرسییەک: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باشترین مامەڵەی لەگەڵ رۆژنامەڤانان هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەکی (رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان)، مامەڵەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆژنامەڤانان بەراورد بە سەرۆکایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان، باشتر بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 16-11-2024، (رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان)، داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە راپرسییەکی لەژێر ناونیشانی ''هەڵسەنگاندنی کاری رۆژنامەڤانی و مامەڵەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆژنامەڤانان لە ماوەی ساڵەکانی 2019-2024'' بڵاوکردەوە.
لە راپرسییەکەدا بۆچوونی 36 رۆژنامەڤان لە هەردوو رەگەز (72.2٪ نێر و 27.8٪ مێ) وەرگیراوە کە لەو ماوەیەدا رووماڵی کار و چالاکییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
رێکخراوەکە دەڵێت، لەسەر بنچینەی راپرسییەکە روون بووەتەوە کە لە "مامەڵەی تەندروست و یەکسانی سەرۆکایەتییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووسان"، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 43.6٪ لە پلەی یەکەم دێت، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 33.3٪ لە پلەی دووەم و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش بە 23.1٪ لە پلەی سێیەم دێت.
بەشێکی دیکەی راپرسییەکە لەژێر ناونیشانی (دەرفەتی پرسیارکردن بۆ رۆژنامەنووسان لە سەرۆکایەتییەکان) بووە و ئەنجامەکە بەم جۆرەیە:
- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 41٪ لە پلەی یەکەم دێت
- سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 33.3٪ لە پلەی دووەم دێت
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە رێژەی 25.6٪ لە پلەی سێیەم دێت
بەشێکی دیکەی راپرسییەکە لەژێر ناوی (مامەڵەی پرۆتۆکۆڵ، پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سەرۆکایەتییەکان)ە و دەڵێت، لە پلەی یەکەمدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە 41٪ دێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە 33.3٪ لە پلەی دووەم و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 25.6٪ لە پلەی سێیەم دێت.
بەشێکی دیکەی راپرسییەکە لەژێر ناوی (هاوکاریی سەرۆکایەتییەکان بۆ رۆژنامەنووسان لە پێدانی زانیاری)یە و دەڵێت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 38.5٪ لە پلەی یەکەم دێت و دوو سەرۆکایەتییەکەی دیکە بە 30.8٪ لە پلەی دووەم دێن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە (هەستکردن بە ئازادیی کارکردن لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان هەیە)، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە 46.2٪ لە پلەی یەکەم دێت، سەرۆکایەتیی حکومەت بە 30.8٪ لە پلەی دووەم دێت و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بە 23.1٪ دێت.
بەشێکی دیکەی راپرسییەکە لەژێر ناوی (پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە سەرۆکایەتییەکان)ـە و ئەنجامەکەی بەم جۆرەیە:
- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە 38.5٪ لە پلەی یەکەم دێت
- سەرۆکایەتیی حکومەت بە 33.3٪ لە پلەی دووەم دێت
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە 28.2٪ لە پلەی سێیەم دێت
لەو بوارەی لەژێر ناوی (رۆڵی گوتەبێژ یان بەڕێوەبەری راگەیاندن لە سەرۆکایەتییەکان لە هاوکاریی رۆژنامەنووسان لە پێدانی زانیاری)یە، ئەنجامەکە بەو جۆرەیە:
- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 38.5٪ لە پلەی یەکەم هاتووە
- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە 28.2٪ لە پلەی دووەم دێت
- سەرۆکایەتیی حکومەت بە 25.6٪ لە پلەی سێیەم دێت
رێکخراوەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا باسی کۆمەڵێک ئەنجام دەکات و لە یەکێکیاندا دەڵێت، "لەم راپرسییەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆی هەموو پرسیارەکان لە پلەی یەکەم بوو. ئەم ئەنجامە دەرخەری ئەوەیە کە سەرۆکایەتیی هەرێم زۆرترین دەرفەتی بە رۆژنامەنووسان بێ جیاوازی داوە لە پێدانی مافی بەدەستهێنانی زانیاری و پابەندبوونی بە یاسای کاری رۆژنامەنووسی و ئازادیی رادەربڕین".