کۆمیسیۆنی عێراق: لە کۆی 41 تانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 38یان رەتکرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ دەستەی دادوەری لە کۆی 41 تانەی پێشکێشکراو لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 38 تانەی یەکلایی کردەوە و سەرجەمیانی رەتکردەوە."
ئەمڕۆ شەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای پێشکێشکردنیان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە ماوەی 7 رۆژدا وەڵامی سەرجەم تانەکانی دایەوە و دواتر رەوانەی دەستەی دادوەری کران؛ هەر بۆیە دەستەکە وەڵام و کاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی بە پەسند و دروست دانا و سەرجەم ئەو تانانەی رەتکردەوە."
بە گوتەی جومانە غەلای، "ئەو سێ تانەیەش کە ماون، لەم هەفتەیەدا لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە یەکلایی دەکرێنەوە."
41 تانە لەسەر ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشی کۆمیسیۆن کراون، زۆرینەیان لە سنوورى بازنەى سلێمانى بوون کە ژمارەیان 25 تانە بوو؛ هەروەها لە هەولێر 12 تانە، لە دهۆک 3 تانە و لە هەڵەبجەش تەنیا یەک تانە پێشکێش کراوە.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم ئەنجامدرا. پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى 39 کورسی و یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو.