کشتوکاڵی هەڵەبجە: نەبوونی ساردکەرەوە و هەناردەنەکردن گرفتی سەرەکیی بەردەم جووتیار و باخەوانانە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، نەبوونی ساردکەرەوە و هەناردەنەکردنی بەرهەم گرفتیان بۆ جووتیار و باخەوانانی سنوورەکە دروست کردووە.
 
ئەمڕۆ شەممە 16ی تشرینی دووەمی 2024 ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمیی ساردکەرەوە لە سنووری هەڵەبجە بووەتە هۆکارێک بۆ هەرزانفرۆشکردنی بەرهەمەکانی جووتیار و باخەوانەکان لە سەرجەم وەرزەکاندا، بەتایبەتی لەم وەرزەدا."
 
ستار مەحموود باسی لە هەنار کرد، کە ئێستا وەرزی پێگەیشتنیەتی و، گوتی، "بەو پێیەی تەنیا بەرهەمی هەنار ئەم ساڵ نزیکەی 30 هەزار تۆن بووە و پێشبینیش دەکەین بۆ ساڵی داهاتوو بگاتە نزیکەی 35 هەزار تۆن، پێویستییەکی زۆرمان بە ساردکەرەوەی زیاترە، چونکە کۆی ساردکەرەوەکانمان کەمتر لە 2000 تۆن دەگرن، ئەوەش کێشە دروست دەکات."
 
سەرجەم ساردکەرەوەکانی هەڵەبجە سەر بە کەرتی تایبەتن. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ، "ئەم ساڵ کۆمپانیایەکی نێوخۆیی پڕۆژەیەکی بۆ دروستکردنی ساردکەرەوەیەک لەسەر رووبەری 6 دۆنم زەوی دەستپێکردووە و پێدەچێت ساڵی داهاتوو تەواوبێت، کە ئەوە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ جووتیار و باخەوانانی سنوورەکە."
 
ستار مەحموود دەڵێت، "لەبەر نەبوونی ساردکەرەوەی پێویست، جووتیار و باخەوانان ناچارن بەرهەمەکانیان هەرزانفرۆش بکەن. نرخی باشترین هەناریش 1250 دینار تێناپەڕێنێت و ئەو هەنارانەش کە بۆ دروستکردنی سرکە بەکاردێن کیلۆی بە 250 دینارە."
 
ستار مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ هەنار دەنێردرێتە بازاڕەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام هەناردە ناکرێت و ئەوەشی بە ئاستەنگێکی دیکە بۆ باخەوانان ناوبرد.
 
جگە لە هەنار، پارێزگای بە هەبوونی گوێز و هەنجیر و چەندین بەرهەمی دیکە بەناوبانگە.