یەکشەممە مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023 مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت و ئاماژە بەوەش دەکات "هەمان رۆژ مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر دەچنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و داوای دامەزراندن هەمیشەیی دەکەن".
 
بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆمن، 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
 
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار کەسن، پارەی مووچەی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینارە. عەلی رەئووف دەڵێت، "دابەشکردنەکە لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە دەستپێدەکات و لە چەند رۆژێکی کەمدا دەدرێتە هەموو پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان، بە دابەشکردنی ئەم مووچەیەش، هێشتا مووچەی دوو مانگمان لای حکومەت دەمێنێت".
 
رۆژی 30-10-2023 شایستەی وانەبێژانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دابەشکرا، کە زۆرترین مووچەی وانەبێژان لە مانگەکانی تەممووز و ئاب 200 هەزار و کەمترینی 100 هەزار دینار بوو.