لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی: نەوت بەسەر 197 هەزار خێزان دابەشکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سنووری سلێمانی و قەزاکانی دەورووبەری دەڵێت، نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 197 هەزار خێزاندا دابەشكراوە و هەوڵدەدرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان کۆتایی بێت.
تەها جەمال، لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری، رۆژی پێنجشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2023، بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە مەڵبەندی 10ی سەنتەری شاری سلێمانی و قەزاکانی رانیە، دووکان، چەمچەماڵ و هەڵەبجەی تازە، نەوت دابەش دەکرێت.
دەشڵێت، لە ناو شاری سلێمانی نزیکەی 10 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 49 هەزار خێزان دابەشكراوە، لە دەرەوەی شاریش 29 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 147 هەزار خێزان دابەشکراوە.
تەها جەمال باسی لەوەشکرد، گرێبەستی کڕینی 99 ملیۆن لیتر نەوتیان بۆ کراوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن لیتری دابەشكراوە و هەوڵدەدەن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت کۆتایی بێت، ئەگەر نەوتی زیادەش بمێنێتەوە لە مەڵبەندی یەکەوە جارێکی دیکە دەستدەکەنەوە بە دابەشکردنی نەوت.