لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی: نەوت بەسەر 197 هەزار خێزان دابەشکراوە

16-11-2023
محەممەد رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سنووری سلێمانی و قەزاکانی دەورووبەری دەڵێت، نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 197 هەزار خێزاندا دابەشكراوە و هەوڵدەدرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان کۆتایی بێت.
 
تەها جەمال، لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری، رۆژی پێنجشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2023، بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە مەڵبەندی 10ی سەنتەری شاری سلێمانی و قەزاکانی رانیە، دووکان، چەمچەماڵ و هەڵەبجەی تازە، نەوت دابەش دەکرێت.
 
دەشڵێت، لە ناو شاری سلێمانی نزیکەی 10 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 49 هەزار خێزان دابەشكراوە، لە دەرەوەی شاریش 29 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 147 هەزار خێزان دابەشکراوە.
 
تەها جەمال باسی لەوەشکرد، گرێبەستی کڕینی 99 ملیۆن لیتر نەوتیان بۆ کراوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن لیتری دابەشكراوە و هەوڵدەدەن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت کۆتایی بێت، ئەگەر نەوتی زیادەش بمێنێتەوە لە مەڵبەندی یەکەوە جارێکی دیکە دەستدەکەنەوە بە دابەشکردنی نەوت.
 
 
لەبارەی دابەشكردنی نەوت لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، تەها جەمال دەڵێت، "رێگە نادرێت تانکەری دابەشکردنی نەوت بچێتە پرۆژەکان، بۆیە ئەو ماڵانەی لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندان، ئەگەر بیانەوێت نەوت وەربگرن، دەبێت رەزامەندی لە ئیدارەی پرۆژەکە وەربگرن و دواتر تیمەکانمان بچنە ئەو پرۆژانە بۆ دابەشکردنی نەوت، تاوەکو ئێستاش هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیەمان بۆ دابەشکردنی نەوت بەدەستنەگەیشتووە".
 
دوێنێ چوارشەممە، 15-11-2023، سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سلێمانی بۆ دابەشکردنی نەوت کراوە بە 10 مەڵبەندەوە. ساڵی رابردوو شەش مەڵبەند نەوتی وەرگرت و ئەمساڵ لە مەڵبەندی حەوت"ـەوە دەستیان پێکردووە و دابەشکردن بەردەوامە.
 
لەبارەی ئەو خێزانانەی پار نەوتیان وەرگرتووە و ئەمساڵ هێشتا وەریان نەگرتووە، سەلام عومەر گوتی، "ئێستا لە دوا مەڵبەندداین کە مەڵبەندی 10یە؛ ئەوێ تەواوبوو دەگەڕێینەوە مەڵبەندی یەک بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەمساڵ وەریان نەگرتووە و نەوت وەربگرن".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئاوارەی کورد کە دەگەڕێنەوە عەفرین. وێنە: AFP

ئەنەکەسە لە عەفرین: 25 کەس لەوانەی گەڕاونەتەوە لە زینداندان

ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 65 هەزار هاونیشتمانی گەڕاونەتەوە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ئەو سنوورە و گەڕانەوەش بەردەوامە.