حکومەتی عێراق لەجیاتی ئەڵمانیا قوربانییانی چەکی کیمیایی بۆ چارەسەر دەنێرێتە کەربەلا

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی عێراق کرد وەکو بەرپرسیاریێتییەکی سەرشانی، ئەو بەرکەوتانەی چەکی کیمیایی کە پێویستیان بە چاندنی گلێنەیە، بنێرنە ئەڵمانیا بۆ چارەسەر، بەڵام حکومەت بڕیاریدا بۆ کەربەلایان بنێرێت. 

 

پێنجشەممە، 16-11-2023 لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئێمە بە فەرمی داوامان لە حکومەتی عێراقی کرد وەکو بەرپرسیارێتییەکی سەرشانی، ئەو بەرکەوتانەی چەکی کیمیایی کە پێویستیان بە چاندنی گلێنەیە، بنێرنە ئەڵمانیا بۆ چارەسەر، بەڵام حکومەت بڕیاریدا بۆ کەربەلایان بنێرێت "پێمسەیرە حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن رازی بووە ئەم دۆسیەیە ئاوای لێبێت!"
 
نزیکەی 500 برینداری بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان هەن، نزیکەی 25 لەوانە پێویستیان بە چاندنی گلێنەی چاوە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی دەڵێت "پرۆسەی چارەسەرکردنی ئەو بریندارانە درێژخایەنە و بە خێرایی ناکرێت، ئێستاش ترسی ئەوەمان هەیە لە کەربەلا پێچەوانەی خواستی ئێمە، برینەکانمان قووڵتر ببنەوە و دواتر بخرێتە ئەستۆی پزیشکانی پێشوو."
 
بە گوتەی لوقمان عەبدولقادر، لەو 25 کەسە، رەنگە تەنیا شەش بۆ حەوت کەسیان بچنە کەربەلا و بڕیارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 16-11-2023) بەڕێبکەون، دەشڵێ "من، خۆشم پێویستم بە چاندنی گلێنەیە و ناچم."
 
هەر ئەمڕۆ عیماد فەیرووز، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نەخۆشخانەی زەین عابدینی کەربەلا، لەلایەن ستافێکی رووسی و لوبنانییەوە نەشتەرگەرییەکە بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییەوە دەکرێت، ''بەڵام بەشێکیان بیانووی ئەوەیان هەیە؛ چاندنی گلێنە لە کەربەلا سەرکەوتوو نابێت، لەبەرئەوەی ستافەکان بە ئەزموون نین."
 
عیماد فەیروز ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە مەبەستی چاندنەوەی گلێنەی چاو چەندین جار سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردووە، بەڵام نەشتەرگەرییەکەیان سەرکەوتوو نەبووە، گوتیشی، ''ئێمە سەرپشکمان کردوون لەوەی؛ ئازادن کێ نەشتەرگەرییەکە دەکات، بەڵام ئەو گلێنانە تاوەکو ماوەیەکی کاتی دەمێننەوە و دواتر بەکارناهێنرێن.''