رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا لەبارەی بریندارکردنی ئەندامێکی "پێشوویان" لە هەولێر دەڵێت، لەلایەن "دەزگەی تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە" هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێشتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە "هەڕەشەی کوشتن"ـی لێکراوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، لە هەولێر دەسترێژی گوللـە لە پارێزەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا و بریندارکرا. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا)ـش لەوبارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سۆهراب رەحمەتی "کادرێکی چالاکی" حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە شاری هەولێر هەوڵی "تیرۆرکردن"ـی دراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، هێرشەکە "دەزگەی تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران"ـی لەپشتە و چاوەڕوانی دادگە و دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بەدواداچوون بۆ هێرشەکە بکات و تاوانبارەکان بە سزا بگەیێنرێن.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە سۆهراب رەحمەتی، پێشتر پارێزەری کەیسی "تیرۆرکردن"ـی قادر قادری لە ساڵی 2016 و کەیسی مووشەکبارانکردنی بنکە و بارەگەکانی حیزبی دیموکرات لە ساڵی 2018 بووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری رووداو لە بەردەم نەخۆشخانەی ئێمیرجنسیی هەولێر گوتی، نزیکەی دوو کاژێر پێش ئێستا سۆهراب ئەسەدوڵڵا رەحمەتی دەسترێژی گوللـەی لێکرا و دوو گوللـەی بەرکەوتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە تەندروستی جێگیرە.
ئامانج زیبایی، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "سۆهراب ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، تائێستا ناسنامەی تەقەکەرەکان دیار نییە. ئێمە کەیسەکەمان بۆ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان جێهێشتووە لێکۆڵینەوە بکەن. بەڵام ئەمە کارێکی قێزەونە بەرامبەر بە کەسێک دەکرێت هەوڵی چەسپاندنی یاسا دەدات."
لەبارەی هەڕەشەکردن لە پارێزەرەکە ئامانج زیبایی گوتی، "ساڵێک دەبێت کە هەڕەشەی لێدەکرێت، گومان دەکرێت ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێدەکرد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ