20 پەرلەمانتاری هەدەپ گەشتکردنیان بۆ دەرەوە لێ قەدەخە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا گەشتی دەرەوەی وڵاتی لە 20 پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان – هەدەپ قەدەخە کردووە، کە بریکاری سەرۆکی پەرلەمان، هاوسەرۆک و گوتەبێژی پارتەکەش لەوانەن گەشتکردنیان لێ قەدەخە کراوە.
بەگوێرەی ئەو قەدەخەیەی حکومەتی تورکیا لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە دایناوە، 20 پەرلەمانتاری ئەو پارتە ناتوانن گەشت بۆ دەرەوەی تورکیا بکەن. تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەی ئەندامی لیژنە جیاوازەکانن، ناتوانن لەگەڵ لیژنەکانیاندا گەشت بکەن.
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، 11 پەرلەمانتاری هەدەپ بە بڕیار قەدەخە کراوە لەسەریان گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام نۆ لەو پەرلەمانتارانە هیچ بڕیارێکیان لەسەر نییە کە گەشتی دەرەوەی وڵاتی قەدەخە کردبێت. هەریەک لە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی هەدەپ، سڕی سورەیان ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی هەدەپیش لەو پەرلەمانتارانەن، کە گەشتکردنیان بۆ دەرەوە لێ قەدەخە کراوە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان – هەدەپ، کە پێشتر ناوەکەی پارتی چەپی سەوز بوو، 57 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا هەیە.