لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر گۆشتی قاز زیاد دەبێت

16-11-2023
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
زیادبوونی خواست لەسەر گۆشتی قاز لە هەرێمی کوردستان
زیادبوونی خواست لەسەر گۆشتی قاز لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای بارانبارینێک و دەستپێکردنی وەرزی سەرما لە شار و گوندەکانی هەرێمی کوردستان بۆن و بەرامەی گۆشتی قاز بڵاودەبێتەوە، خاوەن دووکانەکانی پەلەوەر بە نرخێکی باش قاز دەفرۆشن و سەرنجی کڕیاران رادەکێشن. 
 
یوسف مەعرووف، دووکانی فرۆشتنی پەلەوەری هەیە و دەڵێت، "بازار زۆر باشە. ئەمڕۆ بارانباری، کە باران دەبارێت خواستێکی زۆر لەسەر عەلەشیش و قاز دەبێت. ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆ گۆشتی قاز ئەمڕۆ 11 هەزار دینارە."
 
کڕیارانی قاز داواکاریی جیاوازییان هەیە، زیاتر خواست لەسەر ئەو جۆرە قازانە هەیە کە خۆماڵین و خاوەن دووکانەکانی پەلەوەریش دەڵێن، خەڵک لە وەرزی زستاندا زیاتر رووی لێدەکەن. 
 
عومەر ئوسامە، یەکێکە لەو کڕیارانە و دەڵێت، "قازێکم کڕیوە، لە راستیدا گۆشتی قاز لە گۆشتی باڵندەکانی دیکە بە تامترە. کاتێک کە کەشوهەوا سارد بوو ئیدی گۆشتی قاز خۆشترە. بەڵام گۆشتی قاز شەرتی خۆی هەیە. قازەکان دەبێت خۆماڵی بن کە لە گوندەکان بەخێو بکرێن."
 
ئەو کەسانەی لە ماڵەوە ناتوانن ئامادە گۆشتی قاز ئامادە بکەن روو دەکەن لە چێشتخانەکان و بۆیە بازاڕی ئەوانیش گەرم بووە.هەندێک لە کڕیاران باس لەوە دەکەن گۆشتی قاز بەبێ بەهاراتیش بەتامە. 
 
دەریا قادر، هاونیشتمانییەکە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی هەولێر گۆشتی قازی خواردووە و دەڵێت، "ئێستا خواردم، بەڕاستی بەتام بوو لە وەرزی سەرمادا گۆشتی قاز خۆشە، ران،پشت و ملەکەی زۆر خۆشە."
 
ئامادەکردنی گۆشتی قاز کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە کابانێکی باش و زانینی هەندێک نهێنی هەیە بۆ ئەوەی تامەکەی تێک نەچێت.
 
گۆشتی قاز لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریشدا گرنگی خۆی هەیە، جگە لەوەی تامەکەی خۆشە و لەڕووی تەندروستییەوە زۆرترین وزە دەبەخشێتە مرۆڤ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە