لە سلێمانی دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆکردنەوەی داهات بۆ شارەوانی دەدرێت

16-11-2022
گۆڤەند مستەفا
دیمەنێک لە شاری سلێمانی
دیمەنێک لە شاری سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات بۆ شارەوانی تاوتوێ دەکات کە هەڵوەشاندنەوەی کۆکردنەوەی پارەی زبڵیش لەخۆدەگرێت. ئەندامێکی لیژنەی شارەوانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات بۆ شارەوانییەکان کراوە "لە بنەڕەتدا نایاساییە." 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-11-2022، نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ تاوتوێکردنی 3 پرس لە کۆبوونەوەدایە؛ یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات بۆ شارەوانیی سلێمانی و دەنگدان لەسەری دەبێت." 
 
یەکێک لەو ئەندامانەی کە راپۆرتەکەی ئامادەکردووە میدیا شێخ ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی. 
 
میدیا شێخ ئەحمەد لەبارەی راپۆرتەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت: "دوای کۆبوونەوەی لیژنەکەمان و وەرگرتنی سەرنجی ئەندامان، بڕیارماندا ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات بۆ شارەوانییەکان کراوە لە بنەڕەتدا نایاساییە. بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەیەک بەر لە ئێستا ئەو پرسەمان خستە بەرنامەی کارەوە. خۆشبەختانە خرایە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ و دەنگی لەسەر دەدرێت. گرێبەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات هەڵدەوەشێندرێتەوە و دەخرێتەوە سەر شارەوانی بۆ ئەوەی خۆیان بەو کارە هەستن." 
 
پارێزگای سلێمانی بەسەر حەوت زۆن دابەشکراوە، ئەرکی کۆکردنەوەی داهاتی شارەوانی لە پارێزگای سلێمانی لە ئەستۆی 5 کۆمپانیادایە. گلەیی لە کۆکردنەوەی ئەو داهاتە هەیە کە کۆمپانیاکان کۆی دەکەنەوە و هەندێکیان باس لەوە دەکەن کە خەڵک پابەند نین بە پێدانی پارە و ئەوانیش دەڵێن، دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان و قەرەبووکردنەوە دەکەنەوە. 
 
هەرچەندە بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی چەند جارێک رایانگەیاندووە کە کۆکردنەوەی پارەی داهات بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام پارەی کۆکردنەوەی زبڵی ماڵان کە لەلایەن کۆمپانیاوە لە ماڵەکان وەردەگیرێت ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و بەشێکی هاونیشتمانیان ئامادەنەبوون ئەو پارەیە بدەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە