باڵی جیابووەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرە دەکات و باڵەکەی دیکەش دەڵێ ناتوانن بەناوی حیزبەوە بیکەن

16-11-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵی جیابووەوەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی، ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنگرە دەکات، بەڵام باڵەکەی دیکەی بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز دەڵێت: "ناتوانن بە ناوی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە کۆنگرە ببەستن".
 
رۆژی 02-10-2022، ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە؛ بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن؛ هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەین". ئەمەش بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد.
 
رۆژی سێشەممە، 15.11.2022، ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە ئێستا لەگەڵ باڵی جیابووەوەی حیزبەکەدایە بە سەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرە پێکهێنراوە و دەرگەی خۆ پاڵاوتن بۆ کادیران کراوەتەوە و لە ئەمڕۆوە دەست بە ئامادەکاریی دەکات بۆ بەستنی کۆنگرە، بەجۆرێک لە پرەنسیپەکانی حیزب و یاساکانی کۆمیسیۆندا بگونجێت".
 
هاوکات پارێزەر کەمال سازانی، راوێژکاری یاسایی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە ئێستا ئەویش لە باڵی جیابووەوەیە، گوتی: بە بڕياری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 02.03.2022 کە دەکاتە 28 رۆژ دوای کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەنجامەکانی کۆنگرە هەڵوەشاوەتەوە و بڕیارەکانی بە هەڵوەشاوە هەژمارکردووە.
 
کەمال سازانی گوتی، ئەمە بڕیارێکی فەرمییە و لە ئەمڕۆوە کاری پێدەکرێت، کۆنگرەش بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت، چونکە ئێمە تازە بەدەستیان گەیشتووە. گوتیشی "رێژەی یاسایی ئەندامانی کۆنگرە تەواو نەبووە، ئەمەش یەکێکە لە پێشێلکارییەکان، هەروەها رابەر دیارینەکراوە و ئێستاش حیزبەکە بێ رابەرە." 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16.11.2022، سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە سێ کەس کۆنگرەی رۆژنامەوانییان کرد، دوویان ئەندامی کۆنگرەی 12 نەبوون، "نازانم چۆن ماف بە خۆیان دەدەن لەسەر کۆنگرە قسە بکەن؟!"
 
سەلام کەریم گوتی: "باشتربوو ئەوانەی ئێستا دژی کۆنگرە قسە دەکەن، لە هۆڵی کۆنگرە قسەیان کردبا، نەک چەند مانگێک دوای کۆنگرە قسە بکەن".
 
لەبارەی بڕیاری کۆمیسیۆنیشەوە گوتی "کۆمیسیۆن تێبینی هەبووە، شاندی بزووتنەوەی ئیسلامی سەردانی بەغدای کردووە و روونکردنەوەی داوە و لە 06.04.2022 مۆڵەتی فەرمی پێدراوەتەوە، ئەمەش واتە رەتکردنەوەی ئەو بڕیارەیە کە ئەوان (باڵی جیابووەوە) بەناوی کۆمیسیۆنەوە باسی دەکەن". 
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوان باسی یاسا دەکەن، ئەگەر پەیڕەوکاری یاسان، چۆن یەک کەس بە ناوی لیژنەیەکەوە قسە دەکات کە ژمارەیەک ئەندامی هەیە؟ لە روویەکی دیکەشەوە، دوای کۆنگرە شتێک نامێنێت بە ناوی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە، نازانم ئەو لیژنەیەی ئەوان باسی دەکەن چۆنە ماوە؟".
 
رۆژی یەکشەممە، 02-10-2022، ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدینەهێناوە، بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن. هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەن.
 
دواتر سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئاڵا و لۆگۆی حیزبەکەی رادەستی کامیلی حاجی عەلی کرد و وەکو رابەری نوێ ناساندی. 
 
بەڵام عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز گوتی: "ئێمە خاوەنی لۆگۆ و ئاڵای سەرەکین، دەبێ ئەوان لۆگۆ و ئاڵای خۆیان هەبێت، ئەوکاتیش ئێمە دەچین پیرۆزباییان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، بەڵام ناتوانن ببنە خاوەنی ئاڵا و مێژووی بزووتنەوە".
 
ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رابەرایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز بەردەوامە لە کاری سیاسی و حیزبی خۆی و گرووپێکی جیابووەوەش لەو حیزبە بە سەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی خۆیان وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی ناساندووە بە هەمان لۆگۆ و ئاڵاوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.