بە تۆمەتی 'ساختەکاری' داواکاری گشتی سکاڵایەک لە دژی سێ لە حوکمدراوانی بادینان دەجووڵێنێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان رایگەیاند، داواکاری گشتی سکاڵایەکی لە دژی سێ کەس لە حوکمدراوانی بادینان کردووە و تۆمەتی ساختەکردنی ئیمزا و پەنجەمۆری داونەتەپاڵ و هەفتەی داهاتووش دەبرێنە بەردەم دادوەر.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-11-2022، بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە داواکاری گشتی سکاڵایەکی لە دژی شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم و هەریوان عیسا سێ لە حوکمدراوانی بادینان تۆمارکرد، تۆمەتی ئەوەی داونەتە پاڵ گوایە پەنجەمۆر و ئیمزای هەریەک لە شیڤان سەعید و گوهدار زێبارییان تەزویر کردووە. کەیسەکە لە پۆلیسی تاوانی کەسنەزانی سەر بە دادگەی دەشتی هەولێرە."
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادوەری دادگەی دەشتی هەولێر گوتەی هەرسێکیان وەربگرێت، بەڵام درەنگ هێندران بۆ دادگە و دادوەر گوتی، دەبێت لە پۆلیسی تاوان گوتەکانیان لێوەربگیرێت و دواتر بهێنرنە بەردەم دادوەر.
 
رۆژی 12-6-2021، دادگەی هەولێر شێروان شێروانی و چوار کەسی دیکەی بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى بە شەش ساڵ بەندکردن سزا دا. 
 
شێروان شێروانی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020 دەستگیرکرا، ئەوکات دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شێروان شێروانی تۆمەتبارە بە "گوتنى قسەى نەشیاو، تۆمەت دروستکردن و تێکدانى ئاشتیی کۆمەڵایەتى".