ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گرێبەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهاتی هەڵنەوەشاندەوە

16-11-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانیدا گفتوگۆ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات و لەنێویدا کۆکردنەوەی پارەی زبڵی ماڵان کرا، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان نەدرا. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، چەند بڕیارێکیان داوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 16-11-2022، بارزان شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گرێبەستی کۆمپانیاکان هەڵنەوەشێندراونەوە، بەڵام سێ بڕیار دران و بە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی دەکرێت.
 
سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە، بارزان شێخ محەممەد گوتی: "بڕیاری یەکەم پشتگیریی بڕیاری دادگەیە کە هەبوونی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات بە نایاسایی دەزانێت؛ هەروەها پشتگیریی داواکاریی شارەوانیی سلێمانیمان کرد کە خۆیان پارە کۆبکەنەوە، سێیەمیش ئەوەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێت شارەوانی پێویستی بە 70 کارمەندە داوامان کردووە حکومەت بۆیان دابمەزرێنێت".
 
پێش کۆبوونەوەکە، میدیا شێخ ئەحمەد، یەکێک لەو ئەندامانەی کە راپۆرتەکەی ئامادەکردبوو کە هاوکات ئەندامی لیژنەی شارەوانییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوای کۆبوونەوەی لیژنەکەمان و وەرگرتنی سەرنجی ئەندامان، بڕیارماندا ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات بۆ شارەوانییەکان کراوە لە بنەڕەتدا نایاساییە. بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەیەک بەر لە ئێستا ئەو پرسەمان خستە بەرنامەی کارەوە. خۆشبەختانە خرایە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ و دەنگی لەسەر دەدرێت. گرێبەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات هەڵدەوەشێندرێتەوە و دەخرێتەوە سەر شارەوانی." 
 
پارێزگای سلێمانی بەسەر حەوت زۆن دابەشکراوە، ئەرکی کۆکردنەوەی داهاتی شارەوانی لە پارێزگای سلێمانی لە ئەستۆی پێنج کۆمپانیا بوو، بەڵام ئێستا تەنیا دوو کۆمپانیایان پارە کۆدەکەنەوە و مافەکە لە کۆمپانیاکانی دیکە وەرگیراونەتەوە.
 
هەرچەندە بەرپرسانی شارەوانیی سلێمانی چەند جارێک رایانگەیاندووە، کۆکردنەوەی پارەی داهات بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام پارەی کۆکردنەوەی زبڵی ماڵان کە لەلایەن کۆمپانیاوە تەنیا لە ماڵەکانی شاری سلێمانی وەردەگیرێت و ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و بەشێکی هاونیشتمانییان ئامادەنەبوون ئەو پارەیە بدەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە