رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک جووتیاری کورد بەهۆی کارکردن لەسەر زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیر کراون.
ئەفسەر و سەربازێکی سوپای عێراق چوونە سەر جووتیارێک لەکاتی کێڵانی زەوییەکەی. لە بەدوداچوونی رووداویشدا ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییە بەدیکرا کە لە گوندەکانی سنووری سەرگەڕان دەسووڕێتەوە، لە هەر شوێنێک جووتیاران زەوی بکێڵن یان ئاو بدەن دەستگیریان دەکەن.
دلێر کاکە ئەحمەد، دانیشتوویەکی گوندی گابەڵەکە دەڵێت، "دوو سەرباز هاتوونە بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی، ئیش و کاری ئێمەیان راگرتووە، بۆرییەکیان لێکردووەتەوە و بردوویانە، ناو ئۆتۆمبێلەکە گەڕاون و ساڵیانەی تراکتۆریان بردووە، یەکێکی دیکەشیان دەستگیرکردووە. ئێستا لەناو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیان بوو بەناوی کاروان حەسەن خەڵکی پەلکانەیە".
لە یەک رۆژدا سوپای عێراق لە گوندەکانی سەرگەڕان سێ جووتیاری کوردیان دەستگیرکردووە.
سابیر عومەر تەمەنی 72 ساڵە بووەتە سینبولی بەرەنگاربوونەوەی تەعریب دەڵێت، "ئەوەی روو دەدا بە فیتی هاوردەکانە بە رێککەوتنیان لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی هێزەکان لەو ناوچەیە".
بۆ رێگریکردن لە دەستوەردانەکانی سوپا و هێزە سەربازییەکان، دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە نووسراوی فەرمی داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بێنە دەنگ.
بورهان فەهمی، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەڵێت، "لە دەستە نووسراوێکی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، داوامان کردووە کۆی فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا بێنە سەر هێڵ بۆ ئەم دۆسییەیە، ناکرێ بە رۆژی رووناک سوپا دەستوەردان لە زەوی و زاری کشتوکاڵی خەڵکی ئێمەدا بکات".
سنووری سەرگەڕان لە 42 گوند پێکدێت، تەواوی ناوچەکە کوردییە جگە لە دوو گوندی. 70%ـی نەوتی کەرکووک لەو سنوورەدایە، خەڵکی ناوچەکە هەر ئەوە بە هۆکار دەزانن کە بەردەوام گوشاری تەعریبیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ