رێواز فایەق هۆشداری دەداتە ئەو پەرلەمانتارانەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەن

16-11-2022
سۆران حوسێن
رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو پەرلەمانتارانەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان دەستپێکردووە، مادەکانی 22 و 23ی پەیڕەوی پەرلەمانیان لەسەر جێبەجێ دەکەن. بەگوێرەی مادەکان، سەرەتا مووچەکانیان دەبڕدرێت و دواتر لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستاندا دەنگ لەسەر دوورخستنەوەیان دەدرێ.
 
رۆژی چوارشەممە 16-11-2022، لە کاتی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا، رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەو پەرلەمانتارانەی رایانگەیاندووە کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەن و ئەمڕۆ دووەم کۆبوونەوەیە بەشدارییان نەکردووە، گوتی: "لە ئەمڕۆوە هەموو ئەو بەڕێزانەی بەناوی بایکۆتەوە نایەنە هۆڵی دانیشتنی پەرلەمان، بە روونی دەیڵێین مادەی 22 و 23یان لەسەر جێبەجێ دەکەین کە دەڵێت: راگەیاندنی بایکۆت سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراوە و دەبێت لەنێو هۆڵی پەرلەمان بێت؛ نابێت پەرلەمانتاران بە نووسراو یان لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندووە بایکۆت رابگەیێنن؛ تەنیا ئەمڕۆ ئامادەنەبوون ناخوێنینەوە."
 
لە بڕگەی یەکەمی مادەی 22ی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە: "ئەگەر بەبێ هۆیەکی رەوا، ئەندامی پەرلەمان ئامادەی دانیشتن نەبوو، سەرۆک بە نووسین سەرنجی رادەکێشێت؛ ئامادەنەبوون دووبارە بووەوە 5%ی مووچەکەی لەهەر دانیشتنێک کە ئامادەنەبووبێ دەبڕدرێت؛ ئەگەر ئامادەنەبوو لە سێ دانیشتنی یەک لەدوای یەکدا یان پێنج دانیشتنی پچڕ پچڕ لەماوەی یەک وەرزی یاساداناندا، ئەوە ئامادەنەبوونەکەی لە ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە، وێڕای بڕینی مووچەکەی لە ئەنجامی ئامادەنەبوونیدا. ئەگەر ئامادەنەبوونی دوای ئەوە دووبارە بوویەوە ئەوا سەرۆک دەتوانێت بابەتەکە بخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمانیش دەتوانێت بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامەکانی بە لەدەستدانی ئەندامێتی لەقەڵەمی بدات." 
 
جگە لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە پێنج پەرلەمانتاری هەیە، شایان عەسکەری، پەرلەمانتاری گۆڕان و کازم فارووق، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
 
هەروەها سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بایکۆتی پەرلەمانیان راگەیاندووە و وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان رەتکردووەتەوە؛ حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان کە ئێستا لە دەرەوەی بڕیاری فراکسیۆنەکە کاردەکەن و پەرلەمانتارێکی "سەربەخۆ" بایکۆتیان راگەیاندووە، بەڵام وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان رەتنەکردووەتەوە.
 
هۆکاری دەستلەکارکێشانەوە و بایکۆتکردنی پەرلەمانتاران، بە گوتەی خۆیان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانە، کە 6-11-2022 کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 9-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی، یەکێتی، بەشێکی گۆڕان و پێکهاتەکان تەمەنی یاسایی خۆی بۆ کۆتایی ساڵی داهاتوو درێژکردەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

8 کریستیان لەسەر کورسییەکەى کۆتاى دهۆک لە پەرلەمانی کوردستان رکابەری دەکەن

8 بەربژێرى کریستیان بۆ رکابەرى لەسەر تاکە کورسییەکەی کۆتاى ئەو پێکهاتەیە لە دهۆک ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 6 بەربژێرى دیکە لەو پارێزگایە وەکو سەربەخۆ بۆ کورسیى گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.