نێچیرڤان بارزانی: کورد نابێ لە وڵاتانی ناوچەکە جیابکرێتەوە، دەبێت جێگەیان بکرێتەوە

16-11-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن meps21
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کورد نابێت لە وڵاتانی ناوچەکە جیابکرێتەوە، بەڵکو دەبێت جێگەیان بکرێتەوە. دەشڵێت، هەرێمی کوردستانیش هەمیشە وەک دەستپێشخەری ئاشتی و هۆکار و فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکە دەمێنێتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک باسی دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان، پێکەوژیانی پێکهاتەکان، رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان کرد. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کاتێک عێراق سەرکەوتوو دەبێت و ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بژین و یەکدی قبووڵ بکەن، تاوەکو لە سایەیدا ئارامی و سەقامگیری بۆ هەموو مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان بەدەست بێت. گوتی، "جگە لە یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەهەڵکردن، چارەسەرێکی دیکەمان نییە." 
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10-10 سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو هەڵبژاردنە داواکاریی خۆپێشاندەرانی ساڵانی 2019 و 2020 بوو. ئێستاش دەبێت سەیری عێراقی پێش داعش و دوای داعش بکرێت کە بزانێت هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش بنەبڕکراون؟ هەر خۆیشی وەڵامی دایەوە کە "نەخێر."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت کە لە عێراق داواکاریی دیکە هەن وەکو باشترکردنی بژێویی ژیان، خزمەتگوزاری و هەلی کار، بەشدارییەکی کارای گەنجان لە حکومەت و بنەبڕکردنی گەندەڵی. بۆیە ئێستا "کاتێکی گونجاوە ئاوڕێک لە داوای خەڵک بدرێتەوە، هەر ئەوەش زامنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیرییە."
 
ئەگەر سەیری ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین و سەرنجی هەر یەکە لە وڵاتەکانی: یەمەن، لوبنان، سووریا، سوودان، جەزائیر، تونس و لیبیا بدەین، وەک نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، بە روونی دوو راستیمان بۆ دەردەکەوێت کە بریتین لە::

- هەڕەشەکان دەرەکی نین و لە دەرەوەی وڵاتەکە نەهاتوون

- ئەوەی بووەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هەر یەکە لەو وڵاتانە وڵاتێکی دیکە نییە، بەڵکو پێکهاتە یان لایەنێکە لەنێو خودی وڵاتەکە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەگەر سەیرێکی دۆخی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسی کورد بکەین، دووبارە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی هەر یەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە  هەر یەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنووری خۆیدا چارەسەرکردنی کێشەکە بە ئەهمیەتەوە وەربگرێت. 

نێچیرڤان بارزانی رووی لە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد کە لە وڵاتانی دراوسێ و جیهانەوە هاتوون، گوتی، "کورد لەو وڵاتانەدا نابێت جیابکرێتەوە، بەڵکو پێویستە جێیان بکرێتەوە، بەپێی سەنگی خۆی هاوبەش و بەشداریی پێبکرێت و بواری پێبدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا هاوبەش و بەشداربێت." گوتیشی کە نەتەوەکانی کورد و عەرەب و فارس و تورک پێش ئەم دەوڵەتانەی ئێستا هەر هەبوون و پێکەوە مێژوو و جوگرافیای هاوبەشیان هەیە و "بەدڵنیاییشەوە ئەم نەتەوانە وەک دراوسێ دەمێننەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێستا کە نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەب لەم ناوچەیە خاوەن دەوڵەتن، ئەرکیانە کە مافی کولتووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکانیان بدەن. 
 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەشی راگەیاند، "هەوڵی یەکدی سڕینەوە هەرچەندە تووندبێت و درێژەبکێشێت لەکۆتاییدا هەردەبێت یەکدی بخوێننەوە ئەو راستییەش دەبێت بهێندرێتەوە بیریخۆمان کە کەسمان بڕیارماننەداوە لێرە بڕۆین، کەسمان ناتوێینەوە بۆیە پێکەوەژیان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت رێگەی چارەسەرمانە."
 
 
 
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کێ براوە دەبێت و کێ سەردەکەوێت؟ نێچیرڤان بارزانی دابەشی کردن بەسەر سێ بەشدا بەمشێوەیە: 
 
یەکەم: ئەوانە لێناگەڕێن شەڕێکی نەخوازراو بەرۆکیان بگرێت و هەمیشە وەڵامگۆی داواکاریی هاووڵاتیانی خۆیان دەبن 
 
- ئەوانەی کۆتایی بە شەڕێکی نەخوازراو دەهێنن کە بەرۆکیانی گرتووە، بڕیاری پێکەوەژیان، ئاشتەوایی و لێبووردەیی دەدەن و لەگەڵ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی و پێشکەوتنی وڵات و میلـلەتەکەیان دەمێننەوە.
 
- ئەوانە براوە دەبن کە لە شەڕێکی نەخوازراو دەربازبوون و رێگەنادەن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە دۆخی جەنگ، دەیانەوێت داهاتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دابین بکەن. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، با هەموومان لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کار بۆ ئەوە بکەین بەو شێوەیە براوەبین. گوتی "ئێستا هەموومان براوەین، چونکە ئاشتی ئاشتی لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکماندایە. ئاشتی ئێستا و داهاتووی وڵات و گەلانی ناوچەکە دەپارێزێت و زەمینەی پێشکەوتنی زیاتر بۆ هەموولایەک دەڕەخسێنێت. هەر لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەمیشە دەستپێشخەری ئاشتی دەبین و هۆکار و فاکتەری سەقامگیری دەمێنینەوە لە ناوچەکەدا."
 
سێ قۆناخ دوای رزگاربوون لە جەنگ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر وڵاتێک کە لە جەنگ رزگاری دەبێت بە سێ قۆناخدا تێدەپەڕێت کە یەکەمیان کۆتاییهێنان بە جەنگ و پاراستنی ئاشتییە. دووەم: بونیاتنانەوەی متمانەیە بە جۆرێک کە لایەنەکان نیازپاکی بەرامبەر یەکدی نیشان بدەن، سێیەمیش: بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوەیە بۆ دۆخی جەنگ.

عێراق وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد لە قۆناخی دوای جەنگ و زامنکردنی ئاشتیدایە. "بۆیە هەنگاوی یەکەمی بریتییە لە بنەبڕکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیری و پاراستنی ئاشتی."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی باسکرد، "لە عێراق جەنگێکی نەخوازراومان لە دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجام داوە، لەسەر زەوی شتێک بەناوی خەلافەتی ئیسلامیی داعش نەماوە، بەڵام هێشتا ئەرکێکی زۆرمان لەسەرشانە و رێگەیەکی دوورمان لەپێشە بۆ چەسپاندنی ئاسایش بەتایبەتی چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی کە بواریان بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوون و بەهێزبوونەوەی داعش لەم ناوچەیە رەخساند."

پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داعشیان تێکشکاند. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە پەیامێکمان دەداتێ ئەوەش ئەوەیە کە دەستەبەرکردنی ئاشتی پێویستی بە هەموومانە و لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتیش، هەموومان سوودمەند و براوە دەبین." هاوکات ئەو پەیامەش دەدات ئەگەر "پێکهاتەیەکی سەرەکی لە وڵاتەکەدا لە دەسەڵات و بەڕێوەبردندا هاوبەش نەبێت، دەتوانێت سەر بکێشێت بۆ ئاژاوەیەک کە هەڕەشە لە ئاسایشی هەموومان بکات."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد کە داعش دووریی نێوان خەڵک و حکومەت و نیگەرانی و ناڕەزایی خەڵکی قۆستەوە و پانتاییەکی زۆری لە خاکی عێراق داگیرکرد. ئەوەش بووە هەڕەشە لەسەر عێراق، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی نێودەوڵەتی. 
 
 
 

دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی
 
بەیانیتان باش..
 
جەنابى سەرۆک کۆمارى عێراقى فیدراڵ
 
بەڕێز د. بەرهەم ساڵح
 
ئامادەبووانى بەڕێز،
 
بەیانیتان باش،
 
هەموو لایەکتان بە خێر بێن.
 
خۆشحاڵم کە ئەم بەیانییە، بابەتێکى زۆر گرنگ (ئاشتى و ئاسايش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست) هەموومانی لەم ديداره‌دا کۆكردۆتەوە، هەموولایەكتان بەخێربێن. پێشەكی دەمەوێ زۆر سوپاسى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان له‌ دهۆك و ڕێكخه‌رانى ئه‌م ديداره‌ بكه‌م بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگە و هيواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم كۆنفرانسە ئەنجامێكی باش بەدەستەوە بهێنێ و پێموایە كە بابەتێكی زۆر زۆر گرنگە كە ئەم بابەتە لە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر و لە عێراق  باسی لەسەر بكەین.
 
هەروەها ئەمڕۆ 16ى نۆڤەمبەر، رێکەوتى رۆژى جیهانیى لێبوردەیى يه‌. لەم بۆنەیەدا هیوادارم بە دانایى و کارى هاوبەش و پێکەوەیى، لە نـاوچـەکـە و لە تەواوى جیهان، هەموومان پێکەوە بتوانین کولتوورى لێبوردەیى، پێكه‌وه‌ژيان و یەکترقبووڵکردن فراوانتر بکەین و لە سایەیدا ئارامى و سەقامگیریى زیاتر بۆ مرۆڤایەتى لە هەموو جیهان بەدەست بێت. ئاشتى و پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيرى، پێداویستیى هەرە لەپێشى ئێستا و داهاتووى ناوچەی ئێمەیە، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەتی و جیهان بەگشتی.
 
لەم قۆناغە هەستیار و راگوزەرەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بردنەوەى ئاشتى و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى، تەحەدییەکى زۆر گەورە و بەرپرسیاریەتیى هاوبەشە بۆ هەموو ئەو وڵاتانە و ئەو گەلانەی كە لە ناوچەكەدا دەژین.
 
چۆن ئاشتی بپارێزین و چۆن براوە بین؟
 
بەڕێزان،
 
بە پێناسە و مانایەکى سەرەتایى: ئاشتی، واتە نەبوونی جەنگ و کوشتار، نەبوونى تیرۆر و توندوتیژى، واتە هەبوونی تەبایی و پێکەوەژیان. بەڵام ئاسایش مانایەكی فراوانتری هەیە لە نەبوونی جەنگ. ئاسایش هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە. ئاسایشی ئابووری، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشى ئاو، ئاسایشى وزە، ئاسایشی کۆمەڵایەتى و ئاسایشى ژیان. زۆر لەو بوارانەش دەکرێ ببنە هۆکارى لێکگەیشتن و هاریکاریى هاوبەش لەنێوان وڵاتاندا، بۆ نموونە هەردوو بوارى ئاو و وزە لەنێوان عێراق ، ئێران، تورکیا و سووریادا. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بکەم، ئاسایشە بە مانا فراوانەکەی. دەکرێ ئەگەر شەڕیش نەبێت کۆمەڵێک هۆکار ببن بە هەڕەشە و خەڵک بخەنە ترس و دڵەڕاوکێوە. ئەگەر دۆخی ئێستا وەرگرین بە نموونە، ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەتای كۆڤید 19 و لێكەوتەكانی دوای ئەوە لە هەموو بوارەكاندا.
 
هەر وڵاتێک کە لە شەڕ ڕزگاری دەبێت، بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت:
 
یەکەم: کۆتاییهێنان به‌ جەنگ و پاراستنی ئاشتییە.
 
دووەم: بنیاتنانەوەی متمانەیە، بە جۆرێک لایەنەکان نیازپاکی بەرانبەر یەکتر پیشان بدەن.
 
سێیەم: بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوەیە بۆ دۆخی جەنگ.
 
عێراق  ئێستا لە قۆناغی دوای جەنگ و زامنکردنی ئاشتیدایە، هەر بۆیەش هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کۆتاییهێنان و بنەبڕکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیری و پاراستنی ئاشتی. ئێمە لە عێراق  لە قۆناغی یەکەمداین، واتە جەنگێکی نەخوازراومان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئه‌نجام داوە. له‌سه‌ر زه‌وى شتێك به‌ ناوى خه‌لافه‌تى ئیسلامیی داعش نه‌ما، بەڵام هێشتا ئەرکێکی زۆرمان لەسەر شانە و ڕێگایەکی دوورمان لەپێشە بۆ چەسپاندنی ئاساییش، بەتایبەتى چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی کە بواریان بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونه‌وه‌ی داعش لەم ناوچەیە ڕەخساند. لەم قۆناغەدا بە هاوکاریی دۆستان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، توانیمان لەڕووی سەربازییەوە بەسەر داعشدا سەرکەوین.
 
لەسەر ئاستی ناخۆ، بە پشتیوانیی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی عێراق ، لەسەر ئاستی ناوچەیی، بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرکەوتین. ئەم سەرکەوتنە، پەیامێكمان دەداتێ، ئەویش ئەوەیە کە دەستەبەرکردنی ئاسایش، پێویستی بە کارى هاوبەش و هاوکاریی هەمووانە و لە چەسپاندنی ئاشتیدا هەموومان سوودمەند و براوە دەبین. ئەو پەیامەشمان دەداتێ: کە پێکهاتەیەکى سه‌ره‌كى لە وڵاتێكدا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن هاوبه‌ش نه‌بێت، دەتوانێ سەربکێشێ بۆ دروستکردنی ئاژاوەیەک کە لەسەر ئاستی ناوخۆیى و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەڕەشە لە ئاسایشی هەموومان دەکات.
 
بەڕێزان،
 
سیستمى ئاسایش، یان مەنزوومەى ئەمنی و سەقامگیرى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێکەوە پەیوەست و گرێدراوە. با وەک بیرهێنانەوەیەک، ئەم نموونەیە باس بكەین: زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە سووریا ڕوویاندا کە لە سەرەتاوە گوێیان بۆ نەگیرا و بە هەند وەریاننەگرت، دوای چەند مانگێک، ئەو وڵاتەیان تووشی ناسەقامگیری کرد، سەرەنجام سەری کێشا بۆ شەڕى ناوخۆ، بەڵام ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق یش دروست کرد. ناوەڕاست و ڕۆژئاواى عێراق  کە بە دەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە گیرۆدە بوون، زەمینەیەکى لەبارى دروست كرد بۆ دزەکردنی داعش بۆ ناو خاکی عێراق . داعش دووریی نێوان خەڵک و حکوومەت و نیگەرانی و ناڕەزاییی خەڵکی قۆستەوە و پانتایيیەکی زۆری لە خاکی عێراق  داگیر کرد، ئەوەش بووە هەڕەشە بۆ سەر هەموو پێکهاتەکانی عێراق . بووە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بووە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا و کۆی سیستەمی نێودەوڵەتی.
 
ئەگەر سەرنج بدەین، ناسەقامگیری لە سووریا کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی تورکیا، ناسەقامگیری لە تورکیا و ڕاوەستانى پرۆسەی ئاشتی، کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە. ئەگەر تەماشایەکی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین و سەرنجی هەریەک لە یەمەن، لوبنان، سووریا، سوودان، جەزائیر، توونس و لیبیا بدەین، بە ڕوونی دوو ڕاستیمان بۆ دەردەكەوێت:
 
یەکەم: هەڕەشەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەوە نەهاتوون. هەڕەشەکان دەرەکی نین!
 
دووەم: ئەوەی کە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەریەک لەو وڵاتانە، وڵاتێکی دیکە نیيە، بەڵکو پێکهاتەیەک، یاخود لایەنێک لەناو خودی وڵاتەکەدایە.
 
ئەگەر تەماشای وڵاتانی ئێران، عێراق ، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسى کورد بکەین، دووبارە ئەمە پرسێکى ناوخۆییی هەریەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە هەریەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنوورى خۆیدا چارەسەركردنی كێشەكە بە گرنگییەوە وەرگرێت.
 
ئاماده‌بووانى بەڕێز،
 
کورد لەو وڵاتانەدا، نابێ جیا بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە جێیان بکرێتەوە. بەپێی سەنگی خۆی، هاوبەشى و بەشداری پێبکرێت و بواری پێبدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا، هاوبەش و بەشدار بێت. نەتەوەکانی کورد و فارس، عەرەب و تورک، پێش ئەم دەوڵەتانەی ئێستا (لە تەمەنیاندا كە یەك سەدە دەگوزەرێت) هەر هەبوون، پێکەوە مێژوو و جوگرافیاى هاوبەشیان هەیە، بەدڵنیاییشەوە ئەم نەتەوانە وەک دراوسێ پێکەوە دەمێننەوە. بۆیە جگە لەیەکترقبووڵکردن و پێکەوەهەڵکردن، بژاردەیەکی دیکەمان نییە.
 
جەنگ و کوشتار و زمانی هێز، هەرچەند درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا هه‌ر دەبێ دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بکرێتەوە. هەوڵی یەکترسڕینەوە، هەرچەند توند بێت و درێژە بکێشێت، لە کۆتاییدا هەر دەبێ یەکترى بخوێنینەوە و ئەو ڕاستییە بهێنینەوە بیری خۆمان کە کەسمان بڕیارمان نەداوە لێرە بڕۆین، کەسمان ناتوێینەوە. بۆیە، پێکەوەژیان لە چوارچێوەى یەک دەوڵەت لە یەک ناوچەدا، لەسەر بنەمای هاوبەش، تەنها ڕێگەی چارەسەرمانە.
 
ئێستاش کە نەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەب لەم ناوچەیە خاوەن دەوڵەتن، ئەرکی ئەوانە مافی کورد و پێکهاتەکانى دیکە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی خۆیاندا بدەن. مافی کولتووری، مافی سیاسی و مافی کۆمەڵایەتی.
 
سەبارەت بە دۆخی عێراق یش، ئێستا لە ساتەوەختی دوای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق داین. ئەم هەڵبژاردنە شەش مانگ پێش وادەی خۆی کرا، هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، ئەوەش داواكاريی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی 2019 و 2020 بوو. لێرەدا دەبێ هەڵوەستەیەک بکەین و تەماشایەکی عێراق ی پێش داعش و عێراق ی دوای داعش بکەین و ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین:
 
ـ ئایا ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش، بنەبڕ کراون؟!
 
وەڵامەکەى زۆر ئاسانە:
 
ـ نەخێر!
 
هەڵبژاردنی پێشوەختە، داواکاریی خۆپیشانده‌ران بوو! چه‌ندين داواکاریی ديكه‌ش هه‌ن وه‌ك باشترکردنى بژێوى ژیان و خزمەتگوزارى و ڕەخساندنى دەرفەتى کار، بنەبڕکردنی گەندەڵی، دەستپێکردنی چاکسازی و ڕەخساندنی بەشدارییەکی کارا لە حکوومەت! زۆرێك لەمانە دەبێ وڵام بدرێنەوە. ئێستا کاتێکی گونجاوە کە جارێکی دی ئاوڕێکی جددی لە داوای ڕەوای خەڵک بدرێتەوە، هەر ئەمەش زامنی ئاسایش و پارێزەری ئاشتی و سەقامگیرییە لە وڵاتەكەماندا. لەسەر ئاستی عێراق ، ئاسایش و سەقامگیرى کاتێک بەرقەرار دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان هاوبەشى و بەشدارییەکی ڕاستەقینەیان هەبێت لە دروستکردنی بڕیاردا. ئاشتی کاتێک دەپارێزرێت کە حکوومەتی فیدراڵ بە جددی کار لەسەر داواكارییەكانی هاوڵاتییانی عێراق  بکات، سیاسەتی هاوبه‌شى و بەشداریپێکردن، په‌ره‌ پێبدات.
 
وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، ئێمە لە عێراق ی دوای داعشداین و لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنمان بە دەست هێناوە، بەڵام دوو قۆناغی دیكەمان لەپێشە: قۆناغی دروستکردنەوەی متمانە و قۆناغی بووژاندنەوە و خزمەتگوزاری. گەڕاندنەوەی متمانە بە هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق دا دەبێت، بەتایبەتیش سێ پێکهاتەی کورد و سوننە و شیعە کە ئەمانە جوگرافیای سیاسیيان هەیە، لەگەڵ ڕەچاوکردنى ماف و ڕۆڵ و پێگەى هەموو ئەو پێكهاتانەی دیكە كە لە عێراق  دەژین.
 
بۆ نموونە: بە هاوبەشی ئیدارەدانی ناوچەکانى ماددەى 140ى دەستوور لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق  بۆ ڕێگرتن لە تەشەنکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان زەروورەتێكی ئێستایییە، ئەمەش بە سپاردنی یەك شت دەبێت، بە سپاردنی متمانە دەبێت بەیەكەوە. لایەنێک دەبێ سەرەتا متمانە بسپێرێت. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئەو داوایە دەکەین و ئامادەییى ئەوەمان هەیە دەسپێشخەر بین لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا. هەنگاوی دوای ئەوەش، بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و وەڵامگۆیی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە و بووژاندنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆیان. ئەمە دەبێ ئەولەویەتی کاری کابینەی داهاتووى حکوومەتى فیدراڵیی عێراق  بێت. ئاواره‌كان دەبێ بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و ئاسايش و سه‌قامگيرى و ژيان و كه‌رامه‌تيان دەبێت پارێزراو بێت.
 
بە کورتى عێراق  کاتێک ئارام و سەقامگیر دەبێت و عێراق ییەکان کاتێک بە ئاشتی دەتوانن بژین کە ناسنامەیەکى کۆکەرەوەى گشتگیر لەسەر بنەماى هاووڵاتیبوون و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێكهاتەكان و بۆ هەموو نەتەوە و ئایینیەکان هەبێت. هەمووان بە دڵخوازى، بە وڵات و جوگرافیایەکەوە ببەستێتەوە و وابەستەیى و ئینتيمایان بـۆ هـەبێت کە پێى دەگوترێت عێراق . بۆ ئەمەش لە عێراق  هەموو توانایەکى مرۆیى، ماددی، سروشتى و بنەماى دەستوورییەكان وەک نەخشەڕێگەیەک هەمانە! تەنیا دانایى، ئیرادە و بڕیارى سیاسیمان پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە.
 
بەڕێزان،
 
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێ سەردەکەوێت و كێ براوە دەبێت؟ ئەوانەی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا سەردەکەون و براوە دەبن، سێ پۆلن:
 
یەکەم: ئەوانە براوە دەبن کە لێناگەڕێن شەڕێکی نەخوازراو بەرۆکیان بگرێت و هەمیشە وەڵامگۆی داواکاریی هاوڵاتییانی خۆیان دەبن.
 
دووەم: ئەوانە براوە دەبن، کۆتایی بە شەڕێکی نەخوازراو ده‌هێنن کە بەرۆکی گرتووە. بڕیاری پێکەوەژیان و ئاشتەوایى و لێبوردەیى دەدەن و لەگەڵ ئاشتیدا خۆشگوزەرانى و پێشکەوتنی وڵاتەكەیان و مللەتەكەیان دەمێننەوە.
 
سێیەم: ئەوانە براوە دەبن کە لە شەڕێکی نەخوازراو دەرباز بوون و ڕێگە نادەن جارێکی دی بگەڕێنەوە دۆخی جەنگ. دەیانەوێ داهاتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دابین بكەن.
 
با هەموومان لە عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەوڵ بدەین و کار بۆ ئەو بردنەوەیە بكەین. لە ئاشتیدا هەموومان براوەین، چونکە ئاشتی لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكماندایە. ئاشتى، ئێستا و داهاتووى وڵاتان و گەلانى ناوچەکە دەپارێزێت و زەمینەى پێشکەوتنى زیاتر بۆ هەموولایەك دەڕەخسێنێت.
 
هەر لێرەشدا دووپاتى دەکەینەوە کە ئێمە لە هەرێمى کوردستانی عێراق  هەمیشە هۆکار و ده‌سپێشخەرى ئاشتى دەبین و هۆكار و فاكتەری سەرەكیی سەقامگیری دەمێنینەوە لەم ناوچەیەدا. چ لە عێراق ، چ لە ناوچەکە، هەرچییەک لەپێناو بەدیهاتنى ئاشتیدا، ئاشتییەکى گشتگیر بۆ هەمووان پێكەوە ئامادەین و ئامادەین لەگەڵ هەموولایەك بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە. وێڕاى هەموو سەختى و تەحەدییەکانیش، کۆڵ نادەین و بە ئومێدەوە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوومان لە ئایندەیەكی باشترە بۆ عێراق  و ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
دووبارە هەمووتان بە خێر بێن بۆ ئەم كۆنفرانسە.
 
رۆژێكی خۆش و سوپاسی هەموولایەكتان دەكەم كە بەشدار بوون بەتایبەتی ئەو میوانانەی كە لە دەرەوە تەشریفیان هێناوە، هەموولایەكیان زۆر بەخێربێن بەسەر چاو و سوپاسی برای خۆشەویستم كاك عەممار دەكەم كە بۆ ئەم مەراسیمە لە بەغداوە تەشریفی هێناوە بەخێر بێت سەرچاوان و هەموولایەكتان بە خێر و خۆشی و زۆر سوپاس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، 790 قوتابخانەکەی کردەوە.

سوودانی 790 قوتابخانەی کردەوە کە لە رێککەوتنێکدا لەگەڵ چین دروستکراون

ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، دابەشکردن و دروستکردنی ئەو قوتابخانانە لەسەر بنەمای چڕیی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، دوو دەوامی و سێ دەوامیی قوتابخانە، هەروەها بوونی قوتابخانەی خراپ بووە.