هاتووچۆی هەولێر: شەقامەکانی 150 مەتری و 120 مەتری بوونەتە شوێنی پێشبڕکێ
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 1ی بەرەبەیانی سێشەممە لە شەقامی 150 مەتریی شاری هەولێر بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە دوو ئۆتۆمبێل وەردەگەڕێن و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گڕ دەگرێت و شۆفێرەکەی بە تەواوی دەسووتێت و هەر لەوێ گیانلەدەستدەدات.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی پێشبڕکێی دوو گەنجەوە بووە، لەو بەشەی شەقامەکە کە هێشتا کارکردن تێیدا بەردەوامە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا، "رووداوەکە پێمان دەڵێت ئەوە پێشبڕکێ کردن بووە، چونکە ئەگەر بێئاگایی بێت، ئەوا یەک شۆفێر بێئاگا دەبێت، یان تاسەی یەکەم شۆفێرەکە بەئاگا دەهاتەوە، ئەگەر خەوتن بوایە تاسەی یەکەم بەخەبەری دەهێنا، ئەگەرنا دووەم و سێیەم و چوارەم بەئاگای دەهێنا، ئەگەرنا لەدوای ئەوە ستوونەکانی رووناکی کە بۆ ئاگادارکردنەوەیە، ئەگەرنا هێماکانی هاتووچۆ، ئەگەرنا هەندێ خۆڵ لەسەر رێگەکەیە ئەوکات دەگەیشتە بەربەستە کۆنکرێتەکە، ئەو شۆفێرە هەموو ئەوانەی بڕیوە، هەردووکیان بەیەکەوە بڕیویانە، ئەم رووداوە پێمان دەڵێت ئەم دوو شۆفێرە لە حاڵەتی پێشبڕکێدابوون تاوەکو گەیشتوونەتە ئەو شوێنە".
فازڵ حاجی دەشڵێت، "شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری شەوانە بووەتە شوێنی پێشبڕکێ، ئەمە هەردوو ئۆتۆمبێلەکەیە، ڤۆلکس واگن و نیسان سەنی. کۆچکردووەکە تەمەن 20 ساڵ و بریندارەکەش تەمەن 22 ساڵانە. دوای وەرگرتنی چارەسەر، شۆفێرەکە بریندارەکە، رەوانەی گرتوخانەی هەولێر کرا".
بەپێی داتاکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە 1-1-2021 تاوەکو 1-8-2021 لانیکەم دوو هەزار و 287 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە 316 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 991 کەس برینداربوون.