دهۆک فایناڵیستی خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی بوو لە باشووری ئەفریقا
رووداو - هەولێر
پارێزگای دهۆک فایناڵیست بوو بۆ وەرگرتنی نازناوی ''خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی''، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت: شاری عەرسالی لوبنانی خەڵاتەکەی بەدەستهێنا و دهۆکیش بڕوانەمەی رێزگرتنی پێبەخشرا.
ماوەی سێ رۆژ کۆنگرەی هاوبەندی بوونیادنانی تواناکانی حکومەتە خۆجیێیەکان لە باشووری ئەفریقا بەڕێوەچوو، کە چەندین وڵات تێیدا بەشداربوون، پارێزگای دهۆکیش لەنێو 35 شاری بەربژێکراودابوو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئەو پێوەرانەی بۆ خەڵاتەکە دیاریکرابوون، شاری دهۆک لەماوەی رابردوودا شاری پێكەوەژیان بووە. توانیویەتی بە سەتان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێكهاتە و نەتەوەکان لە سنووری پارێزگاکەدا جێبکاتەوە و بیانپارێزرێت و خزمەتیان بکات".
لەپێشبڕکێی بەربژێردا بۆ نازناوی ''خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی'' لە باشووری ئەفریقیا، شاری عەرسالی لوبنانی خەڵاتەکەی بردەوە و دهۆکیش بڕوانامەی رێزگرتنی پێبەخشرا.
ئیدریس نەبی بەڕێوەبەری بۆردی جێبەجێكاری مرۆڤایەتی و ئەندامی شاندی پارێزگای دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرچەندە دهۆک و چوار شاری دیکە کەوتنە قۆناخی دوایی، کە کێبڕکێی کۆتایی لەنێوان شەش شار بەڕێوەچوو، بەڵام شاری عەرسالی لوبنانی توانی پلەی یەکەمی شاری ئاشتی جیهانی بەدەستبهێنێت و دهۆک و سێ شارەکەی دیکە بڕوانامەی رێزگرتنیان بەدەستهێناوە".
پێشبڕکێی خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی، لەلایەن رێکخراوی شارەوانییە حكومییەکانی هۆڵەنداوە بۆ زیاتر لە 35 شاری بەربژێری جیهان رێکخراوە، پرۆسەکەش لە باشووری ئەفریقیا بەڕێوەچوو.