بوومەلەرزەیەک لە باکووری کوردستان بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر روویدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگای مەلەتی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر روویدا. 
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 10:46 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەم بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی کالە لە پارێزگای مەلەتی روویدا.
 
بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10.7 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
 
بوومەلەرزەکە لە بەشێکی پارێزگاکانی دەوروبەر هەستی پێکراوە و خەڵکی بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە. 
 
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە.
 
لە 6ی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویاندا؛ بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
 
 بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.