کۆمیسیۆن بۆ رووداو: هەزار و 650 چاودێری نێودەوڵەتی چاودێریی هەڵبژاردن دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەزار و 650 چاودێری نێودەوڵەتی ناویان تۆمار کردووە بەمەبەستی چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە پێنج هەزار چاودێری نیوخۆیش ناوی خۆیان لای کۆمیسیۆن تۆمار کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دوایین رۆژی تۆمارکردنی ناوی چاودێرانی هەڵبژاردن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 14 کۆنسووڵخانە و 15 رێکخراوی نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و بەر هەردوولایان هەزار و 650 چاودێرییان دەبێت بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
هەروەها نەبەرد عومەر لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی، "رێکخراوە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش 5 هەزار و 500 چاودێرییان بۆ هەڵبژاردنەکە دەبێت."
 
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان ناوی نزیکەی 35 هەزار کەسییان وەکو چاودێر تۆمار کردووە." 
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 18ی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ی تشرینی یەکەمیش دەنگدانی گشتی، 173 ناوەندی دەنگدانی لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن هەیە، لەگەڵ هەزار و 437 بنکە، کە هەزار و 266ـیان تایبەتن بە بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیشیان بۆ بنکەی دەنگدانی تایبەتن.