شانەی راگەیاندنی ئەمنی: لە سلێمانی تیرۆریستێکمان دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، دەزگای دژەتیرۆر، دوو ئەندامی داعشیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و سەلاحەددین دەستگیرکرد.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024) شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا بەس لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر لە دژی داعش دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی دەزگای دژەتیرۆر زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچە جیاوازەکاندا کرد. بەهۆیەوە لە پارێزگای سلێمانی تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکرد."  
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، تیمەکانی دژەتیرۆر ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان لە پارێزگای سەلاحەدین کرد و تیرۆریستێکی دیکەی داعشیان دەستگیرکردووە.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە تیمەکانی دژەتیرۆر، چەند مووشەکێکی ئاراستەکراویان بۆ پارێزگای ئەنبار لە بیابانی باشووری رەتبە دەستبەسەرداگرت و تەقاندنیاننەوە.