فڕۆکەخانەی کەرکووک شەوان کارناکات

16-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هیچ گەشتێکی ئاسمانیی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە نییە. ئێستاش هەفتانە تەنیا 8 گەشت لە فڕۆکەخانەکەوە دەکرێن و ئەوانیش بۆ یەک وڵاتن.
 
رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوەی عێراق فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکە لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.
 
هەردی سەمەد، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 16-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە تەنیا گەشت بۆ تورکیا دەکرێت."
 
بە گوتەی هەردی سەمەد، پێشتر بۆ گواستنەوەی عومرەکاران لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە لە فڕۆکەخانەکەوە گەشت بۆ سعودیە دەکرا، بەڵام ماوەیەکە ئەو جۆرە گەشتەش نەماوە.
 
گوتەبێژی فڕۆکەخانەی کەرکووک گوتی، هەفتانە 8 گەشتی هاتن و چوون بۆ ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە دەکرێن؛ رۆژانی هەینی 2 گەشت، رۆژانی یەکشەممە 2 گەشت؛ رۆژانی دووشەممە 2 گەشت و رۆژانی چوارشەممە 2 گەشت.
 
هەردی سەمەد گوتیشی، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێیەرلاینز لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە یەکی ئەم مانگەوە بۆ ئیسرائیل وەستاون.
 
پێشتر تورکیش ئێیەرلاینز رۆژانی هەینی، یەکشەممە، دووشەممە و چوارشەممە گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک هەبوو.
 
هەردی سەمەد دەڵێت، "لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە هیچ گەشتێکی نێوخۆیی ناکرێت. شەوانیش گەشتی ئاسمانی ناکرێت."
 
سەبارەت بە هۆکاری نەبووی گەشتی ئاسمانی بە شەو، گوتەبێژی فڕۆکەخانەکە دەڵێت، "بۆ گەشتیی شەوانە هەندێک کەموکوڕی لە فڕۆکەخانەکە هەبوون، بەڵام ئێستا هەموویان چاک کراون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە