مەسرور بارزانی: دەمانەوێت پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیێنینە هەموو گوند و شارۆچکەکان

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەرنامەی حکومەت ئەوە بووە کە خزمەتگوزاریی بگەیێننە سەرجەم گوند، دێهات و شارۆچکەکان و تەنیا بۆ سەنتەری شارە گەورەکان نەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 16-10-2024 بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی "21 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە قیرتاوکردنی شەقام، دروستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ" لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دانا.
 
مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: "ئەم پڕۆژانە خزمەت و ئاسانکارییەکی باش بە هاووڵاتییانی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکە دەکەن."
 
"ئامانجێکی دیکەی حکومەت پێشخستنی باری ئابووری و رەخساندنی هەلی کارە بۆ دانیشتووانی گوندەکان لە رێگەی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند وەکو دروستکردنی کارگەی پێویست لەم دەڤەرانە، کە لەلایەک دەبێتە زیاتربوونی داهاتی خەڵک و لەلایەکی دیکەش داهاتی گشتیش زیاتر دەبێت." سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وای گوت. 
 
مەسرور بارزانی دەڤەری بارزانی بە "دەڤەرێکی ستراتیژی" ناوبرد و رایگەیاند: "مەڵبەندی سەرەکیی شۆڕش و راپەڕینەکانی کوردستان بووە و لە 120 ساڵی رابردوودا، ئەم دەڤەرە رێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانی کردووە و دەسکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەدەسهێناوە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، کە "بۆیە دوژمنانی کوردستان هەمیشە دژایەتیی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە هیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دووژمن شۆڕ نەکردووە. لە ئەنجامی شەڕەکانیشدا، چەندینجار گوندەکانی دەڤەرەکە سووتێنراون و وێرانکراون، بەڵام هەمیشە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە باوەڕبوون بە خوا، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و دەڤەرەکەیان لە جاران ئاوەدانترکردووەتەوە."
 
مەسرور بارزانی هیوای خواست. دووژمنان هیچ کاتێک نەتوانن ئەو دەڤەرە و هیچ شوێنێکی کوردستان داگیر بکەن و گوتی: "ئەوانەی خەونیشیان بە تێکدانی بارزان یان شۆڕشی کوردستان بینیبێت ئێستا لە گۆڕدان."
 
سەرۆکی حکومەت جەختیکردەوە، بەردەوام دەبن لە بەرنامەکەیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو گوند و دێهاتەکانی کوردستان.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی گوتارەکەیدا گوتی: "ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرە، کە لە رۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، خیانەتێکی گەورە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان کرا. سوپاس بۆ خوا و پشتیوانی میللەتەکەمان، پلانی نەیاران و دوژمنان سەری نەگرت کە دەیانویست هەموو کوردستان داگیر بکەن. بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان بەرگرییان لە کوردستان کرد و نەیانهێشت پیلانەکانی ئەوان سەربگرێت. ئەوەی گرنگە، خەڵکی ئێمە ئەم خیانەتە مەزنە لە بیر نەکەن و دەبێ بە ئیرادە و بڕیاری خۆیان، سنوورێک بۆ خیانەتکاران دابنێن بۆ ئەوەی چیتر خیانەت بەردەوام نەبێت."