لە شەش مانگدا لە سنە زیاتر لە 9 هەزار منداڵ لەدایک بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری زانکۆی پزیشکیی سنە بۆ کاروباری دەرمان دەڵێت، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21-09-2024، زیاتر لە 9 هەزار منداڵ لە سنووری پارێزگاکە لەدایک بوون؛ گوتیشی، زۆربەی منداڵەکان بە سرووشتی و بەبێ نەشتەرگەری لە دایکبوون.

رۆژی چوارشەممە 16-10-2024، ئەسعەد فەتحیپوور، بریکاری زانکۆی پزیشکیی سنە بۆ کاروباری دەرمان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـوە تاوەکو 21-09-2024، لەدایکبوونی نۆ هەزار و 425 منداڵ لە بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگاکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون.  
 
ئەسعەد فەتحیپوور گوتی، لەدایکبوون بە سرووشتی و بەبێ نەشتەرگەریی لە سنە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بووە.
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە، ساڵی رابردووی هەتاوی (21-03-2023-21-03-2024)، لانیکەم لەدایکبوونی 21 هەزار منداڵ لە بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگاکە تۆمار کراون.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ساڵانە لە سنە نزیکەی حەوت هەزار گیانلەدەستدان بە هۆکاری جیاواز تۆمار دەکرێن، کە لانیکەم سێ هەزاریان بەهۆی نەخۆشیی دڵ گیانلەدەست دەدەن.
 
بەپێی دوایین پێشبینیی ناوەندی سەرژمێریی گشتیی ئێران، پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار دانیشتووی هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە