رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاتی کردنەوە و داخستنی بنکەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بنکەکانی دەنگدان لە حەوتی بەیانییەوە تاوەکو شەشی ئێوارە کراوە دەبن.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا کاتی کردنەوە و داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە رۆژانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە بەهیچ شێوەیەک ماوەی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە.
کۆمیسیۆن رایگەیاندووە "تێكڕای هاوپەیمانیێتەكان، حیزبەكان، پاڵێوراوەكان، بریكارەكانیان و دەنگدەران، چاودێران و راگەیاندنكاران ئاگادار دەکەینەوە، بنكە و وێستگەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی عێراق لە كاژێر حەوتی بەیانی تاوەكو شەشی ئێوارە كراوە دەبن."
کۆمیسیۆن هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە لە رۆژانی دەنگدان؛ 18ـی تشرینی یەکەم، رۆژی دەنگدانی تایبەت و رۆژی 20ـی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی گشتی "ماوەی پڕۆسەی دەنگدان درێژناكرێتەوە، لەبەرئەوەی پڕۆسەی كردنەوە و داخستنی وێستگەكانی دەنگدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت. هەروەها دەنگدان تەنیا لە رێگەی بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتریی دەنگدەرەوە دەبێت."
سەبارەت بە رێکارە ئەمنییەکانی رۆژی دەنگدان، کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، رێگە بە بردنەژوورەوەی ئامێرکانی مۆبایل و كامێرا بۆ نێو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان، نادرێت تەنیا لەو بنكانە نەبێت، كە بۆ راگەیاندنكاران تەرخان كراون.
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆن، ژمارەی گشتیی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، لەو ژمارەیەش، 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و، دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618ـیشیان دەنگدەری گشتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ