رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا کار بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا دەکرێت و پریشکی شەڕی غەززەش گەیشتووەتە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەردوو مژار و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولایان لە ئەنقەرە تاوتوێکرد.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ لە ئەنقەرە دەستی پێکرد.
دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "خۆشحاڵم جارێکی دیکە لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوومەوە. گفتوگۆکانمان لەبارەی ژمارەیەک مژار بوون، لەوانەش باشترکردنی سەقامگیریی هەرێمی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، هەردوو سەرۆک "جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەبواری ئابوورییدا کردەوە. چۆنێتی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەرفەتەکانی کار و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی تورکیایان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری لێکەوتەکانی بەسەر ناوچەکەوە بوو، لەو بارەوە هەردوو سەرۆک هاوڕابوون "پێویستە هەمووان کاربکەن بۆ ئەوەی رێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان بگیرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن."
نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، مەترسییەکانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعشیشیان تاوتوێ کرد، ئەوە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
لەبارەی هەمان کۆبوونەوە، سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆککۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان هیوای خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "ببێتە مایەی خێر"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی وایە هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیر بە "لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر بەڕێوەدەچێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆککۆماری تورکیا "لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە زیادبوونی بەردەوامی گرژییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و مەترسیی لێکەوتەکانی بۆ سەر تەواوی ناوچەکە کرد." جەختی لەوەکردەوە "تورکیا هەمیشە بایەخ بە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەدات و رایگەیاند، هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق بەرز دەنرخێنێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە لە ململانێیەکان دووربخاتەوە".
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان
دوو کاژێر پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاکان، فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئامادە بوو.
دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەرهەمدارم لەگەڵ هاوڕێیانم هاکان فیدانی وەزیری دەرەوە و بەڕێز ئیبراهیم کاڵن لە ئەنقەرە هەبوو".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕایان لەبارەی ئەو مژارانە ئاڵوگۆڕ کردووە، کە جێگەی بایەخ و نیگەرانی هەردوولان.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "برەودان بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەر و لێکەوتەکانی، هەروەها چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هاوبەش تاوتوێکران".
رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پەرەدان بە پەیوەندییەکان
لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بەرەوپێشبردنی بەردەوامدا بوون.
نیاز ساڵح، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە کاژێری یەکەمی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە دروستکردنی پەیوەندیی فەرمی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیادا کرد و گوتی، "نێچیرڤان بارزانی بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی توانی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی هەبوو بۆ باری دەرفەت ببات، ئەوەش لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوو لایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش. بۆیە بینیمان کۆمپانیاکانی تورکیا رۆڵێکی سەرەکییان لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بینی".
نیاز ساڵح گوتیشی، "پەیوەندییەکە گەیشتە ئاستێک لە ساڵی 2011ـدا، کە رەجبە تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە لە لایەن کۆمپانیایەکی تورکیاوە دروستکرابوو. مانگی چواری ئەم ساڵیش رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار سەردانی کوردستانی کردەوە".
لەبارەی هەمان بابەت، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کاژێری یەکەمی نیوڕۆژ باسی لەوە کرد کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان لەم کاتەدا "زۆر گونجاو و پێویست بوو".
ئایدن مەعرووف گوتیشی، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا لە ئاستێکی زۆر باشدان، نێچیرڤان بارزانیش "لە باشکردنی پەیوەندییەکان زۆر کاریگەر بووە و تورکیاش بایەخ بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات".
پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا
تورکیا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە، 60٪ـی ئەو کاڵایەی هاوردەدەکرێت، بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگوازرێتەوە.
بەشێکی زۆر لە خۆراک و مادەی پیشەسازی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت و عێراقیش بە زۆری نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان هەناردەی تورکیا دەکات.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد ئەمڕۆ میوانی گەشتی کاژێر 09:00ـی هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە گرنگیی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.
محەممەد کایا گوتی، لە ساڵی 2014 کاتێك پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەبوو، قەبارەی هەناردەیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق 14 ملیار دۆلار بوو و دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ، جارێکی دیکە گەیشتووەتەوە ئەو ئاستەی جاران.
محەممەد کایا پێیوایە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بێتە ئاراوە و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئاشتی بەرقەرار بێت، ئابووری گەشە دەکات و قەبارەی بازرگانییان زیاتر دەبێت.
کایا بە بایەخەوە باسی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا کرد و گوتی، دەرفەتی ئەوە هەیە قەبارەی بازرگانیان "زۆر بە ئاسانی بگاتە ئاستی 30 ملیار دۆلار".
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە 24 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ