کۆمیسیۆن: ئامادەکارییەکان بۆ دەنگدانی تایبەت لە کەرکووک تەواوبوون


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای کەرکووک تەواو بوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوو وێستگەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراون، بۆ ئەو ئەندامی هێزە ئەمنییانەی لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ئەرکدان و دەتوانن لە کەرکووک دەنگ بدەن. 
 
لەو بارەیەوە عەلی عەباس، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی کۆمیسیۆن لە کەرکووک ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 488 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە شاری کەرکووک مافی دەنگدانیان هەیە و بنکەیەکی دەنگدان و دوو وێستگەی دەنگدان دیاریکراوە بۆ ئەو هێزە ئەمنییانە، تا بتوانن دەنگی خۆیان بدەن.
 
هەروەها عەلی عەباس باسی لەوەش کردووە، بنکەکە دەکەوێتە گەڕەکی عەرەفە و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن دەنگ بدەن کە پێشمەرگەن و دانیشتووی شاری کەرکووکن.
 
رۆژی هەینی 18ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی گشتیی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرن، لەو ژمارەیەش، 215 هەزار و 960یان دەنگدەری تایبەتن کە دەکاتە 7.4٪. 
 
بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن بێجگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، کە ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانە، کۆمیسیۆن 12 بنکەی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە، کە چواریان لە پارێزگای نەینەوایە، سیانیان لە پارێزگای بەغدایە. هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و واست، بنکەیەکیان تێدا دانراوە.