کۆبوونەوەی لووتکەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لە ئەنقەرە؛ باسی چی دەکەن؟

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 22-04-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازیی لێکرا؛ دوای 177 رۆژ، بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو سەرۆک لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆببنەوە.
 
دڵشاد شەهاب، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن.
 
هەردوو سەرۆک لەبارەی چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێگەى بايه‌خى هاوبه‌ش بيروڕا ده‌گۆڕنه‌وه‌.
 
کارۆخ خۆشناو، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم سەردانە لەم کاتە هەستیارەدا بۆ ئەوەیە بتوانرێت لانیکەم هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزرێت لە پریشکی ئەو ئاگرەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەئارادایە. کاراکتەری دیپلۆماسیی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کارەکتەرێکی واقیعییە، کە بەشی زۆری سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوێ لە را و سەرنج و پێشنیازەکانی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی دەگرن."
 
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە؛ ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە چەندین ساڵی رابردوودا دروستبووە.
 
ئەردۆغان بۆ زۆر لە رێوڕەسمە تایبەتەکانی وەکو سوێندخواردنی خۆی وەکو سەرۆککۆمار و کۆنگرەی حیزبەکەی نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت دەکات. لە کۆبوونەوەکانیشیاندا بیروڕا لەبارەی بابەتە هەستیارەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
 
ناگەهان ئاڵچی، شرۆڤەکار دەڵێت، "پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پاڵ بە دەسەڵاتی تورکیاوە دەنێن لەگەڵ کوردەکان دیالۆگ بکەن. ئەمە دۆخەکە جیاواز دەکات. من سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردیی عێراق نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە لەم چوارچێوەیەدا هەڵدەسەنگێنم."
 
دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە ئاداری ئەم ساڵدا بوو، کاتێك بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا چووە ئەو وڵاتە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان و هاریکاریی هاوبه‌شی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، هه‌روه‌ها لەبارەی دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.