ئەردۆغان دەڵێت هیوادارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببێتە مایەی خێر

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا هیوای خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە 20ـی ئەم مانگە دەکرێت، ببێتە مایەی خێر. لەو باوەڕەشدایە هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیر و بە لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر بەڕێوەدەچێت. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024) سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆککۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "لە دیدارەکەدا ئەردۆغان هیوای خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کورد لە باکووری عێراق کە بڕیارە لە 20ـی مانگ بەڕێوەبچێت، ببێتە مایەی خێر. سەرۆککۆماری تورکیا بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانیی راگەیاند، لەم هەڵبژاردنە کە بەرەی تورکمانی عێراقیش تێیدا رکابەری دەکات، لەو باوەڕەدایە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیر و بە لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر بەڕێوەدەچێت." 
 
بڕیارە رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و، 1191 بەربژێر رکابەری لەسەر 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. 
 
ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، کاژێر 14:00ـش لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغاندا، جگە لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاوتوێی گرژییەکانی ناوچەکەش کراوە.
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە "ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە هەڵکشانی بەردەوامی گرژییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و مەترسیی لێکەوتەکانی بۆ سەر تەواوی ناوچەکە کرد." 
 
سەرککۆماری تورکیا جەختی لەوەکردەوە "تورکیا هەمیشە بایەخ بە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەدات. بۆ ئەمەش رایگەیاند هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی عێراقی بەرز دەنرخێنێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە لە ململانێکان دووربخاتەوە." ئەمە بەپێی راگەیێندراوەکە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا باسی رێگەی گەشەپێدانیش کراوە "سەرۆککۆمار ئەردۆغان، تیشکی خستە سەر ئەوەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، زەمینە خۆش دەکات بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیری و برایەتیی تەواوی ناوچەکە، ئەم پڕۆژەیەش لە هەموو روویەکەوە سوودی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردی لە باکووری عێراق دەبێت." 
 
رێگەی گەشەپێدان، بەندەری فاو بە تورکیاوە دەبەستێتەوە؛ تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و چاوەڕوان دەکرێت قۆناخی یەکەمی لە 2028 تەواو بێت، قۆناخی دووەم ساڵی 2033 و قۆناخی سێیەم و کۆتاییش ساڵی 2050 تەواو بێت.
 
ئەردۆغان باسی لە هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان عێراق و تورکیا کردووە و رایگەیاندووە، "لەم قۆناخە پڕ لە کێشە و گرفتەدا، پێویستە بە هاوکاریی و هاوئاهەنگیی و ئیرادەیەکی بەهێزەوە رووبەڕووی ئەو هەڕەشە تیرۆریستییانە ببنەوە کە ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاشتیی نێوخۆیی هەردوولایەن دەکاتە ئامانج. تورکیا پێشتر و ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا هەمیشە لە پاڵ عێراقی دۆست و برا بە حکومەت و گەلەکەی دەوەستێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانی، وێنە: AA

راپۆرتی تایبەت؛ نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکیا

لەکاتێکدا کار بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا دەکرێت و پریشکی شەڕی غەززەش گەیشتووەتە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەردوو مژار و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولایان لە ئەنقەرە تاوتوێکرد.