97 هەزار کارتى دەنگدان گەڕێندرایەوە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 97 هەزار کارتى دەنگدانى بایۆمەترى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان وەرنەگیراونەتەوە، کە زۆرینەیان لە سنورى سلێمانی و هەڵەبجە بوون، سەرجەم کارتە وەرنەگیراوەکان گوێزرانەوە بەغدا.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: 97 هەزار و 500 کارتى بایۆمەترى دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە، 65 هەزاریان لە سنوورى سلێمانی و هەڵەبجە بوون، 22 هەزار کارتى دیکە لە هەولێر و 10 هەزار و 500 یان لە دهۆک وەرنەگیراونەتەوە. 
 
 15ى تشرینى یەکەم دوا وادە بوو، کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان دیاریکردبوو، بۆ ئەوەى دەنگدەران کارتى بایۆمەترى دەنگدان وەربگرنەوە، تاوەکو بتوانن بەشدارى دەنگدان بکەن. 
 
دوو ملیۆن و 899 هەزار و 615 دەنگدەرى هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان هەیە، بەڵام دوو ملیۆن و 802 هەزار و 115 یان دەتوانن بەشدارى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن، کە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، نەبەرد عومەر گوتى، "ئەو کارتانەى وەرنەگیرانەوە، گوێزرانەوە بۆ بەغدا."
 
یەکەم جارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە سیستمى ئەلیکترۆنى بکرێت، بوونى کارتى بایۆمەترى دەنگدان مەرجى بەشداریيکردنە لەو دەنگدانەدا. 
 
داود سەلمان، بەرپرسی رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو کارتانەى دەنگدان کە گوێزراونەتەوە بۆ نووسینگەى سەرۆکى کۆمیسیۆن لە بەغدا، لە شوێنێکى تایبەت دەپارێزرێن و دواى هەڵبژاردن دەگەڕێندرێنەوە نووسینگەکانى کومیسیۆن لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى دابەشکردنەوەى دەستپێبکاتەوە.
 
دەنگدانى تایبەتی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ـی تشرینى یەکەم دەکرێت، دوو رۆژ دواى ئەوە دەنگدانى گشتى دەکرێت.