وەزارەتی ناوخۆ: هەر کەسێک ئاسنی پۆستەرەکان ببات، سزای یاسایی دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کەسێک پۆستەرەکان لێبکاتەوە و ئاسنەکانیان بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە لێکردنەوەی پۆستەرەکان لەلایەن هاونیشتمانییانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "راوەستانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە واتای لابردنی پۆستەرەکان و بردنی ئاسنەکان نییە."
هێمن میرانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن و تەواوبوونی پرۆسەکە، پێویستە ئەو پۆستەرانە بمێننەوە؛ دواتریش بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیار دەبن لە هەڵگرتنەوەیان".
کاژێر 24:00ـی شەوی رابردوو بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هات. 18ـی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت و 20ـی مانگیش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باس لەوە دەکات، "هەر کەسێک بە ناوی تەواوبوونی کەمپەین و بۆ بردنی ئاسنی پۆستەرەکان، پۆستەر لاببات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە و پۆلیس مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکات."