مەسرور بارزانی: تەواوبوونی بەنداوی گۆمەسپان سنوورەکە دەکاتە ناوچەیەکی گەشتیاریی

16-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەنداوی (گۆمەسپان)ی لە سنووری هەولێر کردەوە. هاوکات بەردی بناخەی دووسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی دانا و باسی لە گرنگیی هەردوو پڕۆژەکە کرد.
 
لەکاتی رێوەڕەسمی کردنەوەی هەردوو پڕۆژەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، دوای چەندین قۆناخ، كابینەی نۆیەم بڕیاری تەواوكردنی بەنداوی گۆمەسپانی دا.
 
مەسرور بارزانی گوتی، "بەنداوەکە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی لە ناوچەكە و فێنکبوونی گۆڕانی كەشوهەوا و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی گەشتیاریی لە دەوروبەری هەولێر كە هەموو خەڵكی دۆڵی خۆشناوەتی و ئەم دەڤەرە دەتوانن سوودی لێ ببینن".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەنداوەکەوە زیاتر دواو گوتی، سوودی بۆ ئاوی ژێر زەوی و کشتوکاڵی ناوچەکە دەبێت. گوتیشی، "بەرنامەیەكی زۆر گەورەترمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە كە ئەویش ئێستا خەریكی دروستكردن و تەواوكردنی ماستەرپلانەكەین".

 

 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵی کرد و گوتی، "ئەم پڕۆژەیە بەشی یەكەمی دروستكردنی دووسایدی گۆمەسپان بۆ سماقووڵییە، بەڵام دوای ئەوە لە قۆناخی داهاتوو، رێگەكە بە دەوری دەریاچەكەوە دەسووڕێ، ئەمەش دیسان هەر بۆ بابەتی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان بەكار دێت".
 
سەرۆکوەزیران گوتیشی، رێگەکە دەبێتە هۆکاری "بەستنەوەی نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەروەها بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی كە ئەمە دەبێتە رێگەیەكی دیکە بە رێگەی دۆڵی سماقووڵییەوە. ئەمە بەشێكە، بەشەكەی دیکە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ كۆڕێ و هەر لەملاوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە، یانیش هەر بە چیای سەفینەوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە